لە گەرمەی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی دیاری کردنی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، مەسعود بارزانی و فایەق زەیدان لە پیرمام کۆبوونەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی" لە دیدارەکەدا هەر یەک لە مەسعود بارزانی و فایەق زەیدان، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ئیسحقاقاتی لایەنەکان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ کراوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی كۆبووەوە بۆ یەكلاكردنەوەی ئەوەی ئایا پارتی هاوشێوەی دوو خولی پێشوو بە فەرمی كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەبێت یاخود نا، لە ئیستادا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئە پرسە هەیە.
هاوکات یەکێتیش كە پۆستی سەرۆك كۆمار بە پشكی خۆی دەزانێت، هێشتا بەفەرمی كاندیدی خۆی پێشكەش نەكردووەو چاوەڕوانی رەئی پارتییە.
بەگوێرەی خشتەی زەمەنی دەستور، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق ئێستا تەنیا ٢٤رۆژی لەبەردەمدا ماوە و لە ئیستادا فایەق زەیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی وەكو پارێزەری دەستور دەردەكەوێت و هۆشداری دەدات لەبارەی دەرچوون لە خشتە زەمەنییەكانی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت.