گەنجێکی هەرێمی کوردستان لە باکوری کوردستان ڕەق دەبێتەوە

‌شرناخ

گەنجێکی خەڵکی قەزای سەیدسادق هەفتەیەک بەر لە ئێستا بەڕێ کەوتوە بڕوات بۆ ئەوروپا، بەڵام لە  نزیک گوندێك لە باکوری کوردستان ڕەق دەبێتەوە و تا ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

هەڵۆ یونس کەریم، گەنچێکی قەزای سەیدسادقە و ٢٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە و ویستویەتی بە ڕێگای قاچاخ بڕوات بۆ ئەوروپا، بەڵام بە هۆی سەرماوە لە نزیک گوندێکی شاری شرناخ ڕەق بوەتەوە و تا ئێستا نەتواندراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە.

لە بارەی ڕوداوەکەوە ڕابەر لوقمان ، ئامۆزای هەڵۆ، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "ئامۆزاکەم لەگەڵ هەشت کەسی تر ویستویانە بڕۆنە ئەوروپا، بەڵام بەهۆی بەفر و سەرمای زۆرەوە، لە دەورووبەریی گوندێکی سنووری شرناخ تەندروستیی تێکچووە و قاچەکانی سڕ بووە، ئەو هەشت کەسەشی لەگەڵی بوون، ماوەی کاتژمێر و نیوێک لەگەڵی ماونەتەوە و هاوکارییان کردووە، بەڵام کە کۆچی دوایی کردووە، ڕۆیشتوون و بەجێیان هێشتووە".

هەر بە ووتەی ئامۆزاکەی، ئەوان ڕۆژی پێنج شەممە، ٣١ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە ڕێگای قاچاخچیەوە بە ڕووداوەکەیان زانیوە و بە هۆی ئەوەی تەرمی هەڵۆ کەوتوەتە ژێر بەفرەوە تا ئێستا نە دۆزراوەتەوە. 




PM:10:25:03/01/2026