حزبی شیوعی کوردستان "بە توندی" سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا دەکات و ترەمپ و ئیدارەکەی بە "پێشلکار" ناو دەهێنن و دەڵێن" ئەمە کردەوەیەکی دوژمنکاریی سەربازییە دژی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە شایانی توندترین سەرکۆنەکردنە".
شەممە، ٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، دوای هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا کاردانەوەی جیهانی بە دوای خۆیدا هێنا، لە هەرێمی کوردستانیش حزبی شیوعی ڕایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ بە ڕوونی ئەوەی سەلماند کە هەوڵ دەدات بۆ بەردەوامیدان بە ڕێبازی مێژوویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سپاندنی هەژموونی جیهانی و گواستنەوەی جوگرافیای شەڕ".
لە بارەی ئامانجی هێرشەکەوە حزبی شیوعی کوردستان وتویەتی " پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەرجەم پرەنسیپەکانی یاسای نێودەوڵەتییە، نیازە سەرەکییەکانی ئەمریکا بۆ لادانی سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە چوارچێوەی ستراتیژێکی ئابووری و سیاسیی نێودەوڵەتی دایە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی وەک جەمسەرێکی جیهانی".
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتوە "ئەوەی لە ئەمریکای لاتین ڕوو دەدات، لەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا لە وڵاتانی تری ئەو ناوچەیەش دووبارە دەبێتەوە کە بەرهەڵستکاری تەماحەکانی ئەمریکان، بەتایبەتی ئەو نەتەوە و دەوڵەتانەی لە ڕووی سەربازییەوە بێهێزن".
دوای مانگێک لە فشاری سەربازی و ئابووری، ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکان لە ڤەنزوێلا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فلۆریداوە راستەوخۆ سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکەی دەکرد و لە بارەی هێرشەکەوە سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، بۆ راگرتنی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و رێگریکردن لە کەسێکی هاوشێوەی "مادورۆ" لە بەڕێوەبردنی ڤەنزوێلا، هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئەو وڵاتە و توانییان خۆی و هاوژینەکەشی دەستگیر بکەن و بیگوازنەوە بۆ ئەمریکا.