پشووی سەری ساڵ کۆتایی پێهات و سبەی یەکەم ڕۆژی خوێندنە لە ساڵی ٢٠٢٦دا، بەڵام بە هۆکاری تەواو نەبوونی نۆژەندکردنەوەی چەند قوتابخانەیەک لە چەمچەماڵ کە لافاو زیانی پێگەیاندبوون ٨٥٠ قوتابی ناتوانن سبەی دەست بە خوێندن بکەنەوە.
ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، ڕۆژی شەممە، ٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بە میدیاکانی ڕاگەیاند ""دوای نزیکەی مانگێک لە وەستانی پڕۆسەی خوێندن لە چەمچەماڵ، سبەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە و دەوام ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەر قوتابخانەکان کەوتووە، هێشتا دوو قوتابخانە نۆژەنکردنەوەیان تەواو نەبووە و هەفتەیەک بۆ ١٠ رۆژی دیکەیان پێویستە".
قایمقامی چەمچەماڵ لە بارەی ئەو دوو قوتابخانەیە و ژمارەی خوێندکار تیایدا ووتی "ئەو دوو قوتابخانەیە یەکیان قوتابخانەی لاوانـە کە ٣٥٠ قوتابی هەیە، ئەوەی تریشیان قوتابخانەی گەشبینـە کە نزیکەی ٥٠٠ قوتابی لەخۆدەگرێت. ئەم دوو ناوەندە زیانی زۆریان بەرکەوتووە و هێشتا کاتیان دەوێت تاوەکو بۆ دەوام کردن ئامادە دەبنەوە".
٩ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ بە هۆی شەپۆلێکی بارانی بەلێزمەوە لە چەند ناوچەیەکی باشوری کوردستان لافاو دروستبوو، لە ئەنجامدا لە چەمچەماڵ بە هۆی ئەوەی قوتابخانەکان زیانیان بەرکەوت، پرۆسەی خوێندن ڕاگیرا و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەمیش دواخران.