دەم پارتی دژایەتی بۆ هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی سەرۆکەکەی دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت کە " دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی ئیمپریالیستی، هەڕەشەی سەربازی و نایاسایی" دەوەستنەوە.
ئەمڕۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان " دەم پارتی" ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە" ئەم دەستێوەردانەی کە بە فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بەڕێوەچوو؛ پێشێلکردنی ئاشکرای ڕێککەوتننامە دامەزرێنەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هێرشێکی قبوڵنەکراوە بۆ سەر مافی سەروەری وڵاتێک و زەوتکردنی مافی گەلانە بۆ بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆیان بە ڕێگەی دیموکراسی".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ڕاگەیاندنی ئەوەی کە باڵادەستیی توانای سەربازی دەکرێت بۆ سەپاندنی بژاردە سیاسییەکان و سەرکوتکردنی ئیرادەی گەلان بەکاربهێنرێت، هەڕەشەیەکی ئاشکرا و ڕاگەیاندنی نایاساییە لەسەر ئاستی جیهان. ئەم هەڵوێستە بە مانای پەکخستنی بە ئەنقەستی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، میکانیزمە فرەلایەنەکان و نۆرمە یاساییە هاوبەشەکان دێت".
دەم پارتی ڕاشیگەیاند" سەرچاوەکانی وزە، سروشتی و ژێرزەوییەکانی ڤەنزوێلا، موڵکی هاوبەش و شەرعی ئەو گەلانەن کە لەو وڵاتەدا دەژین، نەک مەیدانی ململانێی هێزە جیهانییەکان".
هەروەها دەڵێت" هۆشداری دەدەین؛ ئەزموونە مێژووییەکان سەلماندوویانە کە بۆشایی دەسەڵات و کەشی ئاڵۆز کە بەهۆی ئەم جۆرە دەستێوەردانە سەربازییانەوە دروست دەبێت، ئاشتی بۆ گەلان ناهێنێت بەڵکو وێرانکاریی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت".
ڕاشیگەیاندووە کە " پەکخستنی دامەزراوە دەوڵەتییەکان و پێکهاتەی کارگێڕی لە ڤەنزوێلا، مەترسی ئەوەی هەیە ناوچەکە بگۆڕێت بۆ مەیدانی چالاکی و باڵادەستیی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و ڕێکخراوە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکان. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەیەکی ئەمنیی قووڵ کە سنوورەکان دەبەزێنێت و نەک تەنها گەلی ڤەنزوێلا، بەڵکو هەڕەشە لە تەواوی ناوچەکە دەکات".
دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە "لە پاڵ مافی گەلانی ڤەنزوێلا بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، ئازادی و ژیانێکی شەرەفمەندانە وەستاوین و دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکی ئیمپریالیستی، هەڕەشەی سەربازی و نایاسایی دەوەستینەوە".