بەغدا.. ١٠٠ کەس بەهۆی خواردنەوە ژەهراوی بوون

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، نزیکەی ١٠٠ حاڵەتی بە خۆراک ژەهراویبوون لە ناوچەی سەدر یوسفیە،لە باشووری بەغدای پایتەخت، و رەوانەی خەستەخانە کراون.

سەیف ئەلبەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق  ڕایگەیاند" شەوی شەممە ٨٣ هەواڵی حاڵەتی ژەهراویبوون لە نەخۆشخانەی عامریە ئەلسەمود لە پارێزگای ئەنبار، ٩ حاڵەتیش لەلایەن نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای ئەبوغرێب و شەش حاڵەتیش لەلایەن نەخۆشخانەی فریاکەوتنی یارموک لە بەڕێوبەرایەتی تەندروستی کەرخ لەبەغدا پێگەیشتووە. ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی نەخۆشەکان منداڵن."

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکاری پێویست بۆ سەرجەم ئەو حاڵەتانە گیراوەتەبەر و زۆربەیان دوای باشتربوونی باری تەندروستییان لە ئەنجامی وەرگرتنی چارەسەری پێویست نەخۆشخانەکانیان بەجێهێشتووە.

 دووپاتیشی کردەوە کە زۆربەی حاڵەتەکان هەوکردنی ڕیخۆڵە بوون و هەندێک حاڵەت هێشتا لە نەخۆشخانەن و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدانمان تۆمار نەکردووە و لە هەمان کاتدا نمونە وەرگیراوە بۆ پشکنینی ژەهراویبوونی تاقیگەیی و چاوەڕێی ئەنجامەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین.

 ئەلبەدر زیادی کرد، تیمەکانی لێکۆڵینەوەی پەتاکان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کراون بۆ ئەوەی بزانن ئایا حاڵەتەکانی ژەهراویبوون بەهۆی ژەمەکانەوە بووە یان هۆکاری دیکەی هەبووە، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکان ڕادەگەیەنرێت.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئەمریەت دووپاتیکردەوە، تیمە پزیشکییە تایبەتمەندەکان بە درێژایی کاتژمێر کاردەکەن بۆ چاودێریکردنی باری تەندروستی سەرجەم بریندارەکان، لەگەڵ هەندێکیان لە بەشی فریاکەوتن چاودێری دەکرێن لەکاتێکدا حاڵەتە سەختەکان دەگوازرێنەوە بۆ بەشە تایبەتمەندەکانی نەخۆشخانەکە.





AM:11:32:04/01/2026