سبەی لیژنەی هەماهەنگی حەوت حزبی ڕۆژهەڵات لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە کۆدەبێتەوە


هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستان و سازمانی خەباتی کوردستان لە دوو ڕاگەیاندراودا داوایەکی بە پەلە ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات کە "دژی ڕژێمی مرۆڤ کوژی دەسەڵاتدار لە ئێران بوەستنەوە"، سەرچاوەیەکیش لە حزبی کۆمەڵە بە سپی میدیای ووت" کە سبەی کۆبونەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات هەیە".

یەک شەممە، ٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، دوای حەوت ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران لە ٣ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند "وێڕای مەحکوومکردنی تاوان و کۆمەڵکوژیی کۆماری ئیسلامی دژ بە خەڵکی مافخوازی وڵاتەکەمان، ناڕەزایەتی و خەبات بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە بە مافی ڕەوای نەتەوەکەمان دەزانین و داوا لە هەموو خەڵک و لایەنە سیاسییە دێموکرات و ئازادیخوازەکان دەکەین کە یەکڕیز و یەکگرتوو بەرەوڕووی کاولکاری و سەرکوتەکانی ڕێژیمی مرۆڤکوژی ئێران بوەستنەوە و پشتیوانی خەبات بۆ بەچۆکداهێنانی ڕێژیم و کۆتایی‌هێنان بە ستەم و دیکتانۆریی زاڵ بە سەر وڵاتەکەماندا بن".

لای خۆشیەوە سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت "داوا لە هەموو خەڵک و لایەنە سیاسییە دێموکرات و ئازادیخوازەکان دەکەین کە یەکڕیز و یەکگرتوو بەرەوڕووی کاولکاری و سەرکوتەکانی ڕژیمی مرۆڤ کوژی ئێران بوەستنەوە و خەبات بۆ ڕوخاندنی ڕژیم و کۆتایی‌هێنان بە ستەم و دیکتاتۆریی زاڵ بە سەر وڵاتەکەماندا زیاتر بکەن".

هەردوو پارتە سیاسیەکە داوایەک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی دەکەن " داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە هەموو شێوەیەک بۆ گەیاندنی یارمەتی بە خەڵک و بزووتنەوەی ئازادیخوازیی نەتەوەکانی ئێران هەنگاوی پێویست و خێرا هەڵگرن و پێش بە کۆمەڵکوژیی خەڵک لە لایەن ڕژیمی ئاخوندیەوە بگرن".

سەرچاوەیەک لە حزبی کۆمەڵەی ڕێکخراوی کوردستانی  کۆمەنیستی ئێران بە سپی میدیای ووت "سبەی لە نۆیەم رۆژی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێراندا کۆبونەوەیەک بە بەشداری  لیژنەی هەماهەنگی حەوت حزبی ڕۆژهەڵات لە بارەی خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوە کۆدەبینەوە و پەیامی خۆپمان دوای کۆبونەوەکە رادەگەیەنین".

تا ئێستا هەرچی سەبارەت بە حزبەکانی دیکەیە لە ڕێگای میدیاکانیانەوە پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەر دەبڕن.

٢٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، خۆپیشاندانی دانیشتوانی تاران دەستی پێکرد و دواتر گواسترایەوە بۆ شارەکانی دیکەی ئێران و پارێزگای کرماشان و ئیلام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە پێ ئامارە نافەرمیەکان تا ئێستا ١٧ کەس کوژراون و دەیان کەسیش بریندارن و سەدانیش دەست بەسەر کراون. 




PM:04:53:04/01/2026