دەستەی داکۆکی لەسەر دەستگیرکردنی مامۆستا دڵشاد میرانی ناڕەزایەتی دەردەبڕن

دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی، ڕایگەیاند'' بە توندی ئیدانەی دەستگیرکردنی مامۆستا دڵشاد میرانی دەکەین.'' 

دەستەی داکۆکی لە مامۆستایان وفەرمانبەرانی ناڕازی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە'' بەتوندی ئیدانەی هەڵکوتانە سەر ماڵی مامۆستا و هاوپیشە و چالاکوان و ڕێکخەری مانگرتوان (دڵشاد میرانی ) دەکاین.'' 

دەستەکە دەڵێت'' داوا لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی دەکات هۆکاری دەستگیرکردنی  مامۆستا دڵشاد میرانی لە نیوەشەودا  ئاشکرا بکات کە ئایا  مامۆستا دڵشاد  زیانی بە ئەمنی قەومی گەیاندوە یان بەرپرسیاری دزینی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانە.'' 

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە'' بەرتەسککردنەوەی ئازادیەکان و دەستگیرکردن لەسەر هەبونی نیازی بایکۆت وخۆپیشاندان پێشهاتێکی مەترسیدار و نەشیاوە و دژی بنەماکانی دەستوری عێراق و ئازادیە کەسیەکانە.'' 

دەستەکەیان داوادەکات بەزووترین کات مامۆستا دڵشاد میرانی ئازادبکرێت و بگەڕێتەوە ناو خێزان ومنداڵەکانی .




PM:08:26:04/01/2026