گەنجێكی كوردێكی خوراسانی ئێران لە كۆبانێ شەهید بوو

‌شەهید رۆژوان
گەنجێكی كورد خەڵكی خوراسانی رۆژهەڵاتی ئێران لە ریزی یەكینەكانی پاراستنی گەل لەشەڕ لەگەڵ داعش لەكۆبانێ شەهید بوو.

بەپێی راگەیاندنی یەپەگە، "ئەمیر قوبادی" ناسراو بە "رۆژوان كۆبانێ" یەكێك لەكوردەكانی خوراسان نیشتەجێی شاری مەشهەد لە رۆژهەڵاتی ئێران بوە كە شەڕی ئازادكردنی ناوەندی كلتوریی "باقی خەدۆ" لەشاری كۆبانی شەهید بووە.

كوردانی خوراسان كە لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەویدا نیشتەجێ بوون، بۆ یەكەمجار لە پاش هەڵگیرسانی جەنگی نێوان عوسمانی و سەفەوی لە سەدەی حەڤدەدا ژمارەیەكی زۆریان لەلایەن ئیمپراتۆریەتی سەفەوییەوە راگوێزران، ئەمەش لە ترسی دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ عوسمانیەكاندا. نزیكەی 50 هەزار لەو كوردانە راگوێزران بۆ ناوچەی خوراسان لە باكووری رۆژهەڵاتی ئێران.

نزیكەی چوار سەدە پاش راپێچكردنیان و دابڕانیان لە ناوچە كوردییەكانی دیكەی ئێران، كوردەكانی خۆراسان توانیویانە پارێزگاری لە زمان و كولتووری كوردەوارییان بكەن. كوردی ئەم ناوچەیە بە دیالێكتی كرمانجی سەروو قسە دەكەن.

ژمارەی كوردانی خوراسان بەوردی نەزانراوە بەڵام رێكخراوكانی كوردی خوراسان دەڵێن نزیكە دوو ملیۆن كورد لەو ناوچەیە دەژین.




PM:09:44:25/12/2014