نەوەی نوێ: دۆخی شاسوار عەبدولواحید هیچ باش نییە

‌شاسوار عەبدولواحید- سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ

وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ زانیاری ورد لە بارەی دۆخی تەندروستی و شوێنی مانەوەی سەرۆکی جوڵانەوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "دوێنێ براوەتە نەخۆشخانە".

دوو شەممە، ٥ کانوونی دووەم ٢٠٢٦،  هیمداد شاهین، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ڕایگەیاند "لەئێستادا دۆخی شاسوار عەبدولواحید هیچ باش نییە، شوێنی مانەوەی زۆرخراپە و دوێنێ براوەتە نەخۆشخانە چونکە چەند ڕۆژێکە نانی نەخواردووە".

لە بارەی مانەوەی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان، وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ووتی "هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕی ئەو کراونەتەوە، بەپێی یاسا کەفالەت دەیانگرێتەوە، بەڵام تائێستا لەزینداندایە".

یەک شەممە، ٤ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، میدیای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بارەی ئازاد نەکردنی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە بڵاوی کردەوە کە ماوەی زیندانییەکەی درێژ کراوەتەوە بۆ ١٢ـی ئەم مانگە لە کاتێکدا دەبوو هەفتەیەک بەر لە ئێستا ئازاد بکرایە. 

١٢ ئابی ٢٠٢٥، شاسوار عەبدولواحید دەستگیرکرا و سزای زیندانی پێنج مانگی بەسەردا سەپێندرا. 




PM:03:46:05/01/2026