حزبەکانی ڕۆژهەڵات: پێویستە گەلانی ئێران یەکڕیزبن

حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوای یەکڕیزی لە گەلانی ئێران دەکەن بۆ بەرپەچدانەوەی ڕژێمی ئێران. 

ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانییکردنی خۆپیشاندەرانی گەلانی ئێران ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە'' بڕیار لەسەر چرکردنەوەی هەوڵ و وتووێژەکان بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی بنەمای هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان، دیاریکردنی نەخشەڕێگا بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران درا.''

ئاماژە بەوەشکراوە، حزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ خەبات و ڕاپەڕینی سەرانسەریی گەلان و پێکهاتەکانی ئێران دەربڕی و بڕیار لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش بۆ بەهێزکردن و گوڕوتین بەخشین بە ناڕەزایەتییەکان دژی ڕژێمی ئێران درا.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە: 

ڕاگەیەندراوی خەبەریی کۆبوونەوەی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هاتووە'' بڕیار لەسەر چرکردنەوەی هەوڵ و وتووێژەکان بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی بنەمای هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان، دیاریکردنی نەخشەڕێگا بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران درا.''

کۆبوونەوەی باڵای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦) بەڕێوە چوو. لەم کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی ئێران و دوا گۆڕانکارییەکان لە کوردستان خرایە بەر باس، پشتیوانی لە خەبات و ڕاپەڕینی سەراسەریی گەلان و پێکهاتەکانی ئێران کرا، و بڕیار لەسەر پێویستیی کاری هاوبەش و بەرهەمدار بۆ بەهێزکردن و گوڕوتین بەخشین بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی درا.

ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان و گیانبەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانە لە ئێران و ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر بەڕێز کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بەرپرسی دەورەیی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانە لە وتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا ئامانج لە دانیشتنەکەی شی کردەوە و تیشکی خستەسەر ئەو ئەرک و بەرپرسایەتییانەی لەو دۆخەدا پتر لەسەر شانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوورسایی دەکا. پاشان کۆبوونەوەکە بە ڕا و سەرنج و بۆچوونی بەشداران دەوڵەمەند کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی کە بەرهەمی دەیان ساڵ گەندەڵی، ناکارامەیی و سیاسەتی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامییە بەرز نرخێندرا و؛ سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، ئیلام، مەلەکشایی و لوڕستان بە بڕیاری ڕاستەوخۆی خامنەیی کە دیسان مافخوازیی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی بە ئاژاوە ناو برد، مەحکووم کرا. هەروەها وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم دواییانە لە سەرانسەری ئێران لە مەلەکشایی و ناوچەکانی خوارووی کوردستان، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتیی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران و هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی دوژمنکاری و سەرکوتی سیستماتیکی بزووتنەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چرکردنەوەی هەوڵ و وتووێژەکان بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی بنەمای هاوکاریی لایەنە سیاسیەکان، دیاریکردنی نەخشەڕێگا بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران درا.

لەو کۆبوونەوەیەدا کاک سەید برایم عەلیزادە، دەبیرئەوەڵی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران؛ کاک عومەر ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران؛ کاک ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ کاک باباشێخ حوسێنی، سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کاک حوسێن یەزدانپەنا، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان؛ کاک ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران؛ سەرۆکایەتیی هەیئەتی حیزبەکەیان کردبوو.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک
پارتی ئازادیی کوردستان – پاک 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.




PM:01:07:06/01/2026