بە هۆی بەفربارینەوە ماوەی ١١ ڕۆژبوو مەرزی کێلێ داخرابوو، ئەمڕۆ هاتوچۆی گەشتیاری لەو دەروازەیەوە ئاسایی بۆوە.
چوار شەممە، ٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئەبوبەکر بایز، قایمقامی پشدەر، بە میدیاکانی ڕاگەیاند "هۆکاری داخرانی دەروازەکە بۆ بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی گرفت لە یەکێک لە تاوەرەکانی ئینتەرنێت دەگەڕایەوە کە مامەڵەی پاسپۆرتی گەشتیارانی پێ ڕادەپەڕێندرا".
قایمقامی قەزاکە لە بارەی کرانەوەی دەروازەکە ووتی " ئێستا ڕێگاکە کراوەتەوە و گەشتیاران دەتوانن هاتوچۆ بکەن، هەروەها بڕیارە سبەینێ هاتوچۆی بازرگانیش لە دەروازەکەدا ئاسایی ببێتەوە".
مەرزی کێلێ یەکێکە لە مەرزە گرنگە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران(باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، کە دەکەوێتە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٥ کراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ وە بوەتە مەرزێکی نێودەوڵەتی.