هەسەدە: گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەت لە چەند ناوچەیەک هێرش دەکەن

‌حەلەب- ئەرشیف

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە چەند ناوچە گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا چەندین هێرشیان کردوە و قوربانی هەیە.

سێ شەممە، ٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایانگەیاند "گروپی چەکداری عەمشات سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بە گوولە هاوەن و چەکی قورس و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژ هێرشیان کردە سەر دێر حافز و زیانیان بە تۆڕی کارەبا گەیاندوە و لە نزیک بەنداوی تشرینیش هێرشێان کردە سەر تل سیریاتڵیان، ئەم هێرشانە بە پەرەسەندنێکی پلان بۆداڕیژراو دەبینین و مافی ڕەوای هێزەکانمانە وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە و بەرگری لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان بکەن".

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا بڵاویکردەوە "لە ماوەی ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا، گەڕەکی شێخ مەقسوود چوار جار لە لایەن گرووپەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگرییەوە ڕووبەڕووی ژمارەیەک هێرش بووەتەوە"، بە پێی ڕاگەیاندراوەکە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا کەسێک کوژراوە و دوو کەسیش برینداران.

بە پێی هەواڵێکی ئاژانسی هەوار نیوز، هێرشەکان تا ئێستا بەردەوامییان هەیە و لە ئەنجامدا " دوو منداڵ و دوو هاوڵاتی دیکە لە گەڕەکی شێخ مەقسود بریندار بوون"، چەند سەرچاوەیەکی دیکە بڵاویان کردوەتەوە کە ژمارەی قوربانییەکان لە گەڕەکە کوردنشینەکان بەرزبوەتەوە بۆ "دوو شەهید و ١٧ هاوڵاتیش برینداربوون و هێرشی هەڕەمەکیش بەردەوامە". 

میدیای فەرمی حکومەتی سوریاش هەسەدە بە هێرشکردن تۆمەتبار دەکەن و بڵاویان کردەوە " هێزەکانی هەسەدە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، خاڵەکانی هێزەکانی سوپایان لە دەورووبەری گەڕەکی شێخ مەقسوود کردووەتە ئامانج و دووڕیانی شەیحانیان لە حەلەب بە ئامانج گرتووە و بەهۆیەوە ئەندامێکی سووپا کوژراوە و سێی دیکە برینداربوون".

لەگەڵ واژۆکردنی ڕێکەوتنی ١٠ ئاداری ٢٠٢٤، لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا، چاوەڕوان دەکرا کە شەڕ و ئاڵۆزیەکان لە نێوان هێزەکانی هەردوو لا کەمتر ببێتەوە، بەڵام بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکەی شێخ مەقسود ئەشرەفیە لە حەلەب، پیشانی دەدات کە هێشتا ئاڵۆزییەکان بەردەوامن و کۆتایی بە شەڕ نەهاتوە و ڕیکەوتنەکە جێبەجێنەکراوە بە تایبەت لە ڕووی مافە مەدەنیەکانەوە. لە کاتێکدا حکومەتی کاتی سوریا و دەسەڵاتدارانی تورکیا "هەسەدە تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنەکە"، هەسەدەش لای خۆیەوە "جەخت لە پارستنی مافی هەموو پێکهاتەو نەتەوەکان دەکاتەوە". 

وێنەی بریندارەکان:







PM:04:46:06/01/2026