بەڕێوبەری خۆسەر لە بارەی هێرشەکانی سەر گەڕەکە کورد نشینەکانی حەلەب ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "نیگەرانی و سەرکۆنەی تووندی خۆمان بۆ ئەو گەمارۆیە دەردەبڕین کە خراوەتە سەر هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، کە وایکردووە پێشێلکاریی گەورە بەرامبەر خەڵکی سڤیل بکرێت".
سێ شەممە، ٦ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بە پێی دواین ئامارەکانی هەوار نیوز تا ئێستا "دوو شەهید و ١٧ بریندار" لە ئەنجامی هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود هەیە و بەڕێوبەری خۆسەریش لە بارەی هێرشەکانەوە ڕایگەیاند "ئەم کردەوە نابەرپرسیارانە تەنیا دەبێتە هۆی پەرتەوازەکردنی هێزە نیشتمانییەکانی سووریا و بە ڕوونی نەبوونی جدییەتی حکومەتی سوریا لە هەوڵەکانی بۆ یەکخستنی گەل ئاشکرا دەکەن".
"بەردەوامبوونی گەمارۆ و پێشێلکارییەکان، جگە لە زیادبوونی تووندوتیژیی بێ پاساو و نایاسایی، ڕێگرە لەبەردەم هەر هەوڵێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان"، لە ڕاگەیاندراوەکەی خۆسەردا وا هاتوە.
هێرشەکان نەک تەنها لە حەلەب بەڵکو لە چەند ناوچەیەکی دیکەش بەردەوامن، کەمێک لەمەوبەر هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا وتیان "گروپی چەکداری عەمشات سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بە گوولە هاوەن و چەکی قورس و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی خۆکوژ هێرشیان کردە سەر دێر حافز و زیانیان بە تۆڕی کارەبا گەیاندوە و لە نزیک بەنداوی تشرینیش هێرشێان کردە سەر تل سیریاتڵیان، ئەم هێرشانە بە پەرەسەندنێکی پلان بۆداڕیژراو دەبینین و مافی ڕەوای هێزەکانمانە وەڵامی هێرشەکان بدەنەوە و بەرگری لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەمان بکەن".