شارەزایەکی کەشناسی زانیاری دڵخۆشکەر سەبارەت بە دۆخی بارانبارین لە مانگەکانی داهاتوودا بڵاودەکاتەوە و پێشبینیی دەکات کە لەمانگەکانی ٢ و٣ بە رێژەیەکی زۆر باش بارانبارین و بەفر روو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئاراس جەبار سارەزای کەشناسی رایگەیاند" لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٥ وە سوپاس بۆ خودا رێژەیەکی زۆر باش بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە کە لەسەروو رێژەی ئاسایی بەفر و باران تۆمارکراوە لەسەرجەم ناوچەکانمان ئەمەش سەرەرای بەردەوامی دیاردەی لانینا بە لاوازی لە زەریای هێمن کە لەوەرزی ڕابردوو و چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێک بووە لەهۆکارەکانی بەردەوامی وشکە ساڵی و کەمبارانی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و ناوچەکە بەگشتی بەڵام ئەو دیاردەیە دیارە لە وەرزی ئەمساڵ زۆر لاوازبووە و کاریگەریەکانی لەسەر کەشوهەوای جیهانی کەمتربووە ".
ئاشکراشی دەکات کە لە مانگەکانی داهاتووش پێشبینی دەکرێت کۆتای پێبێت و لەمانگەکانی وەرزی هاوینیشدا دیاردەی ئێڵ نینۆ دەستپێبکاتەوە کە پێشبینی ئەکرێت بۆ وەرزی ٢٠٢٦-٢٠٢٧ ئەم دیاردەیە لە زەریای هێمن بەردەوامی ببێت ئەمەش گۆڕانکاریەکی باش لەکەشوهەوای ناوچەکەدا دروست ئەکات .
ئەو کەشناسە کوردە دەشڵێت" رێژەی بەفر و بارانبارین بۆ ئەم مانگە کەتێداین پێشبینی ئەکرێت لە ئاستێکی نۆرماڵ بێت و لەناوچە شاخاویەکانیش باشتر ئەبێت ، زانیاریە دڵخۆشکەرەکە سەبارەت بە مانگی شوبات و ئادارە مانگی ٢ و ٣ی ٢٠٢٦ ان شاو الله پێشبینی ئەکرێت ئەو دوو مانگە رێژەکانی دابارینی بەفر و باران لەناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرێژەیەکی زیاتر لە سەروو نۆرماڵ بن و چەندین شەپۆلی بەهێزی باران و بەفر لەماوە جیاوازەکانی ئەو دوو مانگەدا ناوچەکە بەگشتی بگرێتەوە واتا پێشبینی دووبارە گەرانەوەی ماوەی وشکی درێژ خایان لەکەشوهەوای ناوچەکەدا ناکرێت تا کۆتاییەکانی وەرزی زستانی ئەمساڵ ، بۆ مانگەکانی وەرزی بەهاریش کە بەشێکی گرنگە لە وەرزی بارانبارین ان شاو الله هەر باش ئەبێت بەڵام پێشبینی بۆ وەرزی بەهار لە ئێستاوە زۆر دروست نیە بۆیە ئەوەی کە گرنگە بۆ ئەم وەرزی زستانە پێشبینیەکان بەم شێوەیەن و دڵخۆشکەرن".