وەزیری بەرگری تورکیا، جەخت لە چەک دانانی دەستبەجێی پەکەکە و سەرجەم گروپەکانی سەر بە پەکەکە دەکاتەوە و دەڵێت" دەبێت چالاکییە "تیرۆریستییەکان" لە هەموو ئەو ناوچەکان بە سوریاشەوە رابگرن".
یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا لە میانی بۆنەیەكدا لە ئەنكەرە رایگەیاند" ئەو گرووپانە دەبێت بێ مەرج چەکەکانیان رادەست بکەن و رێگە بە هیچ رێکخراوێکی "تیرۆریست"ی بە تایبەت پەکەکەو پەیەدە و یەپەگەو هەسەدە نادەن پێگەیان لە ناوچەکەدا دابمەزرێنن".
لێدوانەكەی وەزیری بەرگری توركیا لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە هێرشی گروپە چەكدارەكانی حكومەتی دیمەشق كە هاوپەیمانی نزیكی توركیان بۆ سەر گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەب دەستیپێكردەووەو تائێستا چەندین هاوڵاتی بەهۆی تۆپبارانی ئەو گروپانەوە شەهیدو برینداربوون.
پەرەسەندنە سەربازییەكە، دوای چەند رۆژێك دێت لە سەردانی ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بۆ دیمەشق بەمەبەستی گفتوگۆ لەبارەی یەكخستنی هێزە سەربازییەكان لەچوارچێوەی سوپای نوێی سوریا، كە ئەمە داواكارییەكی سەرەكی توركیایە لە دەسەڵاتی نوێی دیمەشق، كۆبوونەوەكە بەقسەی یەكێك لە ئەندامە بەشدارەكانی هەسەدە (ژەنەراڵ سیپان حەمۆ) هیچ ئەنجامێكی نەبووەو تاكە شتێك كە رێككەوتنی لەسەر كراوە ئەوە بووە درێژە بە كۆبوونەوەكان بدرێت.