کوردانی هەردوو دانیشتوانی ئەشەرفیە و شێخ مەقسود داوا لەبارزانی و تاڵەبانی دەکەن فریایان بکەون مەترسی جینۆسایدکردنیان هەیە.
لە کاتێکدا دوو رۆژە شەڕ بە قورسی لە دژی هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە گەرمەو حکومەتی کاتی سوریا تا کاتژمێری ٣ ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی داناوە بۆ چۆڵکردنی هەردوو گەڕەکەکە، کەنداڵ جودی
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەڕەکه کوردیهكانی شاری حهلهب لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت"مهترسی جینۆسایدی كورد ههیهو ناشزانین دوای كاتژمێر ٣ی پاشنیوهڕۆ چی ڕودهدات".
لە بەیاننامەیەکیشدا کە ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود، ئەشرەفییە لە شاری حەلەب بڵاویان کردەوە دەڵێن" ئەوەی ڕوودەدات شەڕێکی تایبەتە دژی گەلەکەمان: ئامانج لێی شکاندنی ئیرادەمانە، پێویستە گەلەکەمان بڕوا بەو پڕوپاگەندانە نەکات".
بانگەوازەکە روودەکاتە هاونیشتمانیان و دەڵێت" داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و نەکەونە داوی ئەو شەڕە تایبەتەی کە ڕاگەیاندنە دوژمنکارەکان پەرەی پێدەدەن".
هەروەها هاتووە " جەخت دەکەینەوە کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەردەوام دەبن لە پاراستنی خەڵکەکەمان و بەرپەرچدانەوەی هەموو هێرشەکان لە سەرجەم میحوەرەکاندا".
" داوا لە گەلەکەمان دەکەین شانی بدەنە شانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و هاوکاریان بن"،( لە راگەیاندنەکەدا هاتووە ).
ئەنجومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود ئاماژە بەوە دەکەن هێرشێکی بەرفراوان بە بەکارهێنانی جۆرەها چەکی قورس و بۆردومان دەکرێتە سەر گەڕەکەکانمان، ئامانجی ئەم هێرشانەش چۆڵکردنی گەڕەکەکانە لە دانیشتوانەکەی.
جەختدەکەنەوە کە هەنگاوێک پاشەکشە ناکەن؛ ئیرادەی گەل و هێزەکانیان سەردەکەوێت و ئەو هێرشانە هیچ ئەنجامێکی نابێت.
ئەوە لە کاتێکدا حکومەتی سوریا داوا دەکات هەردوو گەڕەکەکە چۆڵبکەن، ئاسایشی هەسەدەش داوا دەکات خەڵکەکە لەناو هەردوو گەڕەکدا خۆیان قایم بکەن بو ئەوەی گیانیان پارێزراوبێت.
لەلایەکی ترەوە هەسەدە لە لێدوانێکی تر لەبارەی بەرەیەکی تری شەڕەوە، رایگەیاند " گرووپەکانی "عەمشات و حەمزات"ی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕێگای درۆنی خۆکوژو چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر ناوەندی ناحیەی دێر حافیز.