بارزانی: ئەو شەڕەی شاری حەلەب هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزییە لەدژی كورد


سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی لە بەرامبەر شەڕی حەلەب راگەیاندنێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت " ئەو شەڕەی شاری حەلەب هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزییە لەدژی كورد".

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا لە بارەی هێرشی هێزەکانی ئەحمەد شەرع بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب رۆژی چوار شەممە ٧ ی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە دەڵێت" بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لەدژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە".

لە درێژەی پەیامەکەیدا بارزانی دەشڵێت " داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن رێگە نەدرێ هاووڵاتیانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی رەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (هەسەدە) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو راگرتنی شەڕ و پێكدادان".

ئەمڕۆ ئەنجومەنی گەڕەکە کورد نیشینەکانی حەلەب داوایان لەسەر کردە کوردەکانی باشوری کوردستان بە تایبەتی سەرکردەکانی پارتی و یەکێتی کرد لەسەر ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر گەڕەکەکانیان پاڵپشتیان بکەن.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
 
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
 
گۆڕانكارییە سیاسیەكانی سووریا دەرفەتێكی باش بوو بۆ دۆزینەوەی رێگاچارەیەكی گونجاو بۆ ئەوەی رەچاوی مافە رەواكانی گەلی كورد لە سووریا بكرێت و سەرجەم كێشەكانیش چارەسەر بكرێن. لەو پێناوەشدا لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەوڵی زۆرمان دا كە پێویستە هەرچی گرفت و ناكۆكی هەیە لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن.
 
بەڵام ئەو بارودۆخە مەترسیدار و ئەو شەڕ و توندوتیژیەی كە ئێستا لە شاری حەلەب هەیە جێگەی نیگەرانییەكی زۆرە و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی سڤیل و هاووڵاتیانی بێتاوان دروست كردووە و هەڕەشەی پاكتاوی رەگەزی لەدژی كورد لەو ناوچەیەدا هەیە.
 
داوا لە دەستەڵاتدارانی سووریا دەكەم ناكۆكیی سیاسی نەكرێتە ناكۆكیی نەتەوەیی و لەو كێشە و گرفتانەی لە ناوچەی حەلەبدا هەن رێگە نەدرێ هاووڵاتیانی كورد تووشی گوشار و زەبروزەنگ و دەركردنیان لە شوێنی باب و باپیرانیان و پاكتاوی رەگەزی ببنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە كوردییەكان و بە تایبەت (هەسەدە) دەكەم ئەوەی لە توانایاندا بێت بیكەن لەپێناو راگرتنی شەڕ و پێكدادان و رێگەگرتن لە خوێنڕشتنی زیاتر و هەردوولا كار بۆ گرتنەبەری رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان. ناكرێ بوونی ناكۆكیی سیاسی ببێتە هۆی ئەوەی ژیانی خەڵكی سڤیل بخرێتە ژێر مەترسی و پاكتاوی رەگەزی لە دژی گەلی كورد رووبدات و ئەوە تاوانی دژی مرۆڤایەتیە و دەرئەنجامی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە.
 
مەسعود بارزانی
7ی کانوونی دووەمی 2026




PM:06:47:07/01/2026