هەسەدە هۆشداری دەدات لە گواستنەوەی شەڕ لە حەلەبەوە بۆ تەواوی سوریا


هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە، لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەی حکومەتی کاتی سوریا دژی هێزەکانیان لە حەلەب بڵاوی دەکاتەوە و دەڵێت ئەو هەواڵانە "پاساو هێنانەوەیە بۆ گەمارۆ و کوشتارگەکان".

چوار شەممە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند "ئەو پڕوپاگەندانەی لەلایەن بازنە تینووەکانی خوێن لەنێو گرووپەکانی دیمەشق بڵاودەکرێنەوە سەبارەت بە بوونی نیەت یان جووڵەی سەربازیی هێزەکانمان، هەواڵی درۆن و هەڵبەستراون بۆ پاساوهێنانەوە بۆ گەمارۆ و کوشتارگەکان".

هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە چەند مانگێکە گروپەکانی سەر بە حکومەت هێزیان جێگیرکردوە " گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە زیاتر لە شەش مانگە لەلایەن گرووپەکانی حکومەتی دیمەشقەوە گەمارۆدراون و بەهیچ شێوەیەک هەڕەشەی سەربازی نین و ناکرێت بببنە سەرچاوەی هێرشکردنە سەر حەلەب".

"بەشێوەیەکی بنبڕ جەخت دەکەینەوە کە هەسەدە هیچ سەربازێکی لە شاری حەلەب نییە، ئێمە بە ئاشکرا و بە بەڵگەوە لەبەردەم میدیاکان بەپێی ڕێککەوتنێکی ڕوون کشاوینەتەوە و دۆسیەی ئەمنیمان رادەستی هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ کردووە"، هەسەدە وا دەڵێت.

هەسەدە هۆشداری دەدات لە بڵاوبونەوەی شەڕەکە بە تەوای سوریادا و ووتی "بەردەوامبوونی ئەم دووژمنکارییە بۆ سەر سڤیلەکان، لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت کە تەنیا لەو دوو گەڕەکە یان شاری حەلەب قەتیس نامێنێت، بەڵکو تەواوی سووریا دەگەڕێنێتەوە بۆ گۆڕەپانی جەنگێکی کراوە".

لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی "وڵاتانی گەرەنتیکار" و حکومەتی سوریا دەکات کۆتایی بەو هێرش و گەمارۆیانە بهێنن کە دەخرێتە سەر خەڵکی مەدەنی لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود.




PM:07:41:07/01/2026