هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕاگەیاندراوێکیان لە بارەی دواین ئاماری قوربانیەکانی هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب بڵاوکردەوە و بە پێی ڕاگەیاندراوەکە "٧ کەس شەهیدبوون و ٥٤ کەسیش بریندارن.
چوار شەممە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕایگەیاند " ژمارەی شەهیدانی سڤیل بۆ ٧ کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ ٥٤ کەس بەرزبووەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن".
هێزەکانی ئاسایش لە بارەی قوربانییەکانەوە دەڵێت " قوربانییەکان دەرەنجامی هێرشی دڕندانەن کە گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە بەکارهێنانی تانک، تۆپ و درۆن بۆ سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەیکەن".
ئەم ڕەفتارانە حکومەتی ئێستای سوریا لە هەردوو گەڕەکەکەی شاری حەلەب دەیکات، ئاسایشی ناوخۆی شارەکە بەراوردی دەکات بە سەردەمی حکومەتی پێشوو "ئەو ڕەفتارانەمان بیر دەخاتەوە، کە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەیکردن، لە ڕووی بەکارهێنانی هەمان بیانووی هەڵبەستراو و هەمان شێوازی سەرکوتکارانە کە پشت بە بەئامانجگرتنی سڤیل و هێزی سەربازی دەبەستێت بۆ ملکەچپێکردنی گەڕەکەکان".
ماوەی سێ ڕۆژە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەستی پێکردۆتەوە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و شەڕ پەرەی سەندوە، بە پێی زانیارییەکان لەو دوو گەڕەکەدا کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە لە ٨٠٪ ـیان کوردن و بەشێکی زۆریان ئاوارەی عەفرینن.