بافڵ تاڵەبانی: هیوادارم هەموو لایەک لە حەلەب ژیرانە مامەڵە بکەن


سەرۆکی یەکێتی پەیامێکی لە بارەی گرژیەکانی حەلەب بڵاوکردەوە و دەڵێت "بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە ڕووداوەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەڕوانم، لەم کاتە سەخت و دژوارەدا دڵم لای گەلەکەمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان".

چوار شەممە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند " هیوادارم هەموولایەک دان بەخۆیاندا بگرن و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوە نەخوازراوەدا بکەن و لە ڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆی بەرپرسیارانەوە کێشەکان چارەسەر بکەن".

سەرۆکی یەکێتی دەشڵێت " پشتگیریی لە هەر هەوڵێک دەکەم بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان".

 بە پێی دواین ئاماری ئاسایشی ناوخۆی حەلەب کە ئەم ئێوارەیە بڵاویکردەوە " ژمارەی شەهیدانی سڤیل بۆ ٧ کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ ٥٤ کەس بەرزبووەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن".

ماوەی سێ ڕۆژە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەستی پێکردۆتەوە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و شەڕ پەرەی سەندوە، بە پێی زانیارییەکان لەو دوو گەڕەکەدا کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە لە ٨٠٪ ـیان کوردن و بەشێکی زۆریان ئاوارەی عەفرینن.





PM:08:41:07/01/2026