بەریتانیا نیگەرانی خۆی لە ئاڵۆزیەکانی حەلەب ڕاگەیاند و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات و دەڵێت "بە تووندی نیگەرانیی پێکدادانەکانی باکووری حەلەب و ئەو برینداربوون و ئاوارەبوونەین کە لەنێو خەڵکی سڤیلدا کەوتووەتەوە".
چوار شەممە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند " شانشینی یەکگرتوو داوا دەکات دەستبەجێ دۆخەکە هێور بکرێتەوە، پەنا بۆ دیالۆگ ببرێت و خەڵکی سڤیل بپارێزرێن، ئێمە بەردەوامین لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە نزیکەوە".
ئەو وڵاتە جەخت دەکاتەوە "بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە سووریا گرنگییەکی گەورەی هەیە".
بە پێی دواین ئاماری ئاسایشی ناوخۆی حەلەب کە ئەم ئێوارەیە بڵاویکردەوە " ژمارەی شەهیدانی سڤیل بۆ ٧ کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ ٥٤ کەس بەرزبووەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن".
ماوەی سێ ڕۆژە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەستی پێکردۆتەوە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و شەڕ پەرەی سەندوە، بە پێی زانیارییەکان لەو دوو گەڕەکەدا کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە لە ٨٠٪ ـیان کوردن و بەشێکی زۆریان ئاوارەی عەفرینن.