هێزەکانی ئاسایشی حەلەب: هەواڵی ئاگربەست دوورە لە ڕاستیەوە


هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە ئاگربەست کرابێت و باس لەوە دەکات کە "هەموو هەوڵەکانی هێزەکانمان بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوە شکستیان هێناوە" و هۆشداری دەدات لە سەر زۆربوونی هێرشەکان بۆ سەر ئەشرەفیە و شێخ مەقسود.

چوار شەممە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕاگەیاندراوێکی تری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند " هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی هێورکردنەوە دەکەن لە شاری حەلەب دوورن لە راستییەوە و دەچنە چوارچێوەی چەواشەکاریی بەمەبەست و هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی، هەواڵی بڵاوکردنەوەی ئاگربەست بۆ داپۆشینی ئەو تاوانانەیە کە گرووپەکانی دیمەشق دەیکەن".

ئاسایشی حەلەب هۆشداری دەدات لەسەر بەرفراون بوونی هێرشەکان و وتویەتی "بەهۆی سووربوونی گرووپەکانی حکومەتی دیمەشق لەسەر هەڵکشانی سەربازی و ئامادەکارییان بۆ کردنی هێرشێکی بەرفراوان لە چەند کاتژمێری داهاتوودا، هەموو هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوە شکستیان هێناوە".

هەروەها هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە بەردەوامی هێرشەکان دەکات "چوار هێرشی لەدوای یەکیان بە تانک و زرێپۆش کرا، بەڵام لەلایەن ئاسایش و دانیشتووانی گەڕەکەکەوە بەرپەرچ دراونەتەوە".
 
 ماوەی سێ ڕۆژە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەستی پێکردۆتەوە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و شەڕ پەرەی سەندوە، بە پێی زانیارییەکان لەو دوو گەڕەکەدا کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە لە ٨٠٪ ـیان کوردن و بەشێکی زۆریان ئاوارەی عەفرینن. 




PM:09:43:07/01/2026