ڕێکخراوی لێبوردەی نێودەوڵەتی داوای سەلامەتی خەڵکی مەدەنی دەکات لە حەلەب و دەڵێت لایەنەکانی شەڕ "خۆیان بە دوور بگرن لە بەکارهێنانی ئەو چەکانەی کە سرووشتەکەیان جیاکاری لەنێوان مەدەنی و سەربازدا ناکات".
چوار شەممە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (Amnesty International) لە پەیامێکدا ڕایگەیاند "لەگەڵ گەیشتنی هەواڵەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانی مەدەنی لە حەلەب و بەردەوامیی ئاوارەبوونی دانیشتووان، دوای سێ رۆژ لە کارە دووژمنکارییەکان لەنێوان دەسەڵاتدارانی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە، مەترسیی زیادبوونی گرژییەکان هەیە".
ڕێکخراوەکە نێودەوڵەتیەکە داوا دەکات " ئاسانکاری بۆ دەرچوونی ئارام، ئازادانە و بێ بەربەست بکەن بۆ ئەوانەی لە تووندوتیژییەکان ڕادەکەن، بەبێ ئازاردان و ترساندنیان".
ماوەی سێ ڕۆژە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەستی پێکردۆتەوە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و شەڕ پەرەی سەندوە، بە پێی زانیارییەکان لەو دوو گەڕەکەدا کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە لە ٨٠٪ ـیان کوردن و بەشێکی زۆریان ئاوارەی عەفرینن.