"نەتەوە یەکگرتوەکان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ سوریا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی حەلەب"

‌ستیڤان دوژاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان

وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، ئاشکرایکرد کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان نیگەرانە لە دۆخی سوریا و لەگەڵ حکومەتی سوریا لە پەیوەندیدایە.

ستیڤان دوژاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، چوارشەمە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بە کەناڵی ڕوداوی ڕاگەیاند "سکرتێری گشتی نیگەرانە لەو ڕاپۆرتانەی باس لە کوژران و برینداربوونی خەڵکی مەدەنی دەکەن بەهۆی پێکدادانەکان لە حەلەب، نەتەوە یەکگرتووەکان دووپاتی دەکاتەوە کە پاراستنی مەدەنییەکان و ژێرخانە مەدەنییەکان ئەرکی هەموو لایەنەکانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان".

هەروەها وتەبێژەکە ووتی "داوا لە لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین دەستبەجێ گرژییەکان کەم بکەنەوە و زۆرترین ئاستی دانبەخۆداگرتن بنوێنن".

ستیڤان دووژاریک، جەختیکردەوە کە ڕێگایەکی گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی سوریا و هەسەدە بۆ کۆتایهێنان ڕێگەیەک بۆ دانوستان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی سوریا بدۆزرێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان. 

 بە پێی دواین ئاماری ئاسایشی ناوخۆی حەلەب کە ئێوارەی ڕابردوو بڵاویکردەوە " ژمارەی شەهیدانی سڤیل بۆ ٧ کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ ٥٤ کەس بەرزبووەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن".

ماوەی سێ ڕۆژە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود دەستی پێکردۆتەوە، لە ماوەی یەک ڕۆژدا دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و شەڕ پەرەی سەندوە، بە پێی زانیارییەکان لەو دوو گەڕەکەدا کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە لە ٨٠٪ ـیان کوردن و بەشێکی زۆریان ئاوارەی عەفرینن.




AM:12:15:08/01/2026