ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، لە ڕاگەیاندراوێکدا ناوی ئەو گروپە چەکدارەکان ئاشکرا دەکات کە هێرش دەکەنە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، و ئاماژە بەوە دەکات کە گروپی "سزادراوی نێودەوڵەتین".
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە ڕاگەیەندراوێکدا، چوار شەممە، ٧ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ڕایگەیاند "حکومەتی دیمەشق لە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگریدا پەنای بۆ کۆمەڵێک گروپی سزادراوی نێودەوڵەتی بردوە کە مێژوویەکی ڕەشێان لە تاوانکاریدا هەیە".
ئاسایشی ناوخۆی حەلەب بە پشت بەستن بە بەڵگەی ڤیدیۆیی ناوی هێزە هێرشبەرەکانی بڵاوکردەوە کە ئەمانەن:
فیرقەی ٦٢ (ناسراو بە سلێمان شا - عەمشات)، فیرقەی ٧٢(ناسراو بە سوڵتان موراد)، فیرقەی ٧٦ (ناسراو بە حەمزات)، فیرقەی ٨٠ (ناسراو بە بزووتنەوەی نوورەدین زەنگی).
ئاسایشی حەلەب باس لەوەش دەکات کە ئەم گروپانە پێشینەی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییان هەیە لە سوەیدا و کەناراوەکانی سووریا و لەلایەن وەزارەتی بەرگریی حکومەتی دیمەشقەوە داڵدە دەدرێن و سەرپەرشتی دەکرێن.