هەسەدە: داعش و گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا هێرشی نوێیان ئەنجامدا


ئەم بەیانییە هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە لە بارەی  پوچەڵکردنەوەی هێرشێکی داعش لە دێرەزوور بۆ سەریان و بەردەوامی هێرشەکانی گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا لە شارۆچکەی دێرحەفەر و حەلەب. 

پێنج شەممە، ٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند کە لە شارۆچکەی مەڕەشدە لە ڕۆژهەڵاتی دێرە زوور داعش بە دۆشکە و ئاڕ پی جێ هێرشی کردوەتە سەر خاڵێکی سەربازیان، بەڵام  "هێزەکانمان بە خێرایی و بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە" وە لە ئەنجامی هێرشەکەی داعشدا هیچ زیانێكی گیانی و مادیی نەبوە. 

هەسەدە دەشڵێت "هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی داعشدا گروپی عەمشات سەر بە حکومەتی کاتی سوریا، ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی مەدەنییان لە شارۆچکەی دێرحەفەریان بە تۆپ و هاوەن بۆردومانکرد و زیانی ماددی هەبوو".

هەسەدە ئەنجامدانی ئەم هێرشانە بە کاری هاوبەش ناودەبات کە ئامانجی تێکدان و سەقامگیری ناوچەکەیە. 

سەبارەت بە بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕایگەیاند "کاتژمێر ٣:٤٩ بەرەبەیانی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە پێنج گولە تۆپ گەڕەکی ئەلشەقیفیان لە شاری حەلەب بۆردومان کرد. هەروەها بە تانک و موشەکی گڕاد هێرشیان کردە سەر بەشی ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی شێخ مەقسود".

لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا ئەم بەیانیە جارێکی دیکە لە گەڕەکی بەنی زەیدی شاری حەلەب، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا دوو هاوڵاتی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و برینداریان کردوون کە دیمەنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە. 

بە پێی زانیارییەکان تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هەشت هاوڵاتی بە هۆی هێرشەکانی گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریاوە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب گیانیان لە دەستداوە و ٥٨ هاوڵاتی تریش بریندارن. 




AM:10:41:08/01/2026