ئاسایشی حەلەب ئاماری زیانەکانی سێ ڕۆژی بۆردومانەکان بڵاودەکاتەوە


هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب، ئاماری زیانە گیانی و مادییەکانی بڵاوکردەوە کە لە ماوەی سێ ڕۆژدا ٨ هاوڵاتی گیانیان لە دەستداوە و ٥٨ کەسیش بریندارن، وە دەڵێت "گروپەکانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا بە تۆپ و تانک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ناوچەکانی نیشتەجێبوون دەکەنە ئامانج".

پێنج شەممە، ٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە شەوی ڕابردووشدا بۆردومانەکان بۆ سەر هاوڵاتیان و ماڵەکانیان چڕتر کراوەتەوە و تانک و زرێپۆشی زیاتر ڕاوانەکراون و گەمارۆ بۆ سەر گەڕەکەکان توندتر کراوەتەوە و کارەبایان بڕیوە و ڕێگری لە چوونی خۆراک و دەرمان بۆ هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەکەن. 

ئاسایشی حەلەب جەخت دەکاتەوە لەوەی دۆخەکە بەرەو مەترسیدارتر دەڕوات لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان و گروپە چەکدارەکانی سەر بە سوریاش بە پێشێلکاری ڕێکەوتنی ١نیسان دەزانن. 

لە ڕۆژی سێ شەمەوە، ٦ کانوونی دووەم، هێرشەکان بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە دەستی پێکردوەتەوە و بە پێی زانیارییەکان لەو دوو گەڕەکەدا کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی ٢٠٠ هەزار کەسە لە ٨٠٪ ـیان کوردن و بەشێکی زۆریان ئاوارەی عەفرینن.




AM:11:08:08/01/2026