شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی هاتنی دوو شەپۆلی بەهێزی باران و بەفربارینی چر دەکات و دەڵێت " لە
سبەی هەینییەوە دەستپێدەکات و پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن و لە
هەندێک ناوچە ٧٠ سم بەفر دەبارێت".
ئاراس جەبار شارەزای
کەشناسی بڵاویکردەوە"سبەی هەینی
٩ی کانونی دووەم لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەک لەدەریای ناوەراست و هاتنی
بارستە هەوایەکی شێدار لە دەریای سوور لەکاتەکانی ئێوارەدا شەپۆلێکی مامناوەند بۆ
چری بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق ئەگرێتەوە و کاریگەریەکانی
لەشەودا زیاتر ئەبێت بۆ پێش نیوەرۆی دوو سبەی رۆژی شەمە پاشان لەنیوەرۆی شەمەوە
لاواز ئەبێت و ئێوارەی هەمان رۆژ کۆتای بەو شەپۆلەیان دێت ، پلەکانی گەرما بەرێژەی
٤ تا ٦ پلە نزمدەبنەوە ، خێرای با مامناوەند چالاک ئەبێت ١٠-٢٥کم/ک ئاراستەی با
باشوری خۆرهەڵات ، لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکە و
بارانی بەخوڕ ئەبێت بەتایبەت لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی
راپەرین کە پێشبینی زۆرترین بڕی بارانبارین لەو سێ دەڤەرەدا ئەکرێت".
ئاشکراشی دەکات ، لە ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دهۆک و هەولێریش بەهەمان
شێوە ئەگەری بارینی باران و بەفری زۆر ئەبێت ، سەبارەت بەبەفر بارین لەسنوری دهۆک
و هەولێر لەسەرجەم ئەو ناوچانەی بەرزیان زیاترە لە ٩٠٠ بۆ ١٠٠٠ مەتر لەئاستی ڕووی
دەریا ئەگەری بارینی بەفریان ئەبێت وەک سەنتەری ئامێدی ، ، چۆمان ، مێرگەسۆر ، سیدەکان
، حاجی ئۆمەران ، سمێلان ، وەرتێ ، کانی ماسی ، لە ناوچە شاخاویەکانی سنوری پارێزگای
سلێمانی و هەڵەبجە لەبەرزی زیاتر لە ١٢٠٠ بۆ ١٣٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا سەرەتا
باران ئەبێت پاشان ئەگەری بەفر بارین ئەبێت وەک سەنتەری پێنجوێن ، بەرزنجە ، تەوێڵە
، لوتکەی چیای گۆیژە و ئەزمەر .
ئەو کەشناسی کوردە رێژە و بڕی
باران و بەفری پێشبینیکراوی بەمشێوەیە راگەیاند:
سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین بەگشتی ٤٠ - ٧٠ ملم
، لەناوچە شاخاویەکان بەتایبەت ناوچە سنوریەکان ٣٠-٥٠ سم بەفر .
سەنتەری پارێزگای هەولێر و دهۆک ناوچە نزمەکان بەگشتی ١٥-٣٠ ملم لەناوچە
شاخاویەکان و ئیدارەی سۆران ٤٠ - ٦٠ ملم ، لەناوچە شاخاویەکان بەتایبەت ناوچە سنوریەکان
٤٠ - ٧٠ سم بەفر .
سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان بەگشتی ١٥-٣٥ ملم لەناوچەکانی
باکوری ئیدارەی گەرمیان رێژەیەکی زیاتر باران ئەبارێت .
ئاراس جەبار وتیشی" بەرێزان
ئەم زانیاریانە سەبارەت بە شەپۆلی یەکەمبوو پاش کۆتای هاتنی ئەم شەپۆلە لە ئێوارەی
شەمەوە ١٠ی مانگ کەش بۆ ماوەی دوو رۆژ جێگیر ئەبێتەوە لە بەرەبەیانی رۆژی سێشەمەوە
١٣ی مانگ شەپۆلی دووهەم لەسەر ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە و لە رۆژانی داهاتوو زانیاری
تەواوم لەسەر ئەو شەپۆلەش ئەبێت".