بە وتەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسود هێزەکانی سەر
بە حکومەتی سوریا بە بە تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)هێرش دەکەن.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ئەشرەفیەو شێخ مەقسود لە راگەیەنراوێکدا وتیان"
چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و پاشکۆکانیان، بۆردومانێکی دڕندانە و هەڕەمەکی
بە تانک، تۆپخانە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە
لە شاری حەلەب ئەنجام دەدەن، ئەمەش لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردایە کە هێرشەکە نیشتەجێبووەکانی
مەدەنی کردووەتە ئامانج".
وتیشیان" لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم دەستدرێژییەدا، هێزەکانمان دوو فڕۆکەی
بێفڕۆکەوانی دیکەیان خستە خوارەوە و لە ئێستادا شەڕ و پێکدادانی توند لەسەر سەرجەم
قۆڵەکان بەڕێوەدەچێت و زیانێکی زۆر بە هێرشبەران گەیەندراوە".
لە رۆژی سێشەممەوە هێرشەکانیی هێزەکانی
سەر بە حکومەتی سووریا بە تانک و تۆپ بۆ سەر ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە
دەستیپێکردووە و بەگوێرەی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر)،
هێرشەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامن.
ئەنجوومەنی تەندروستیی ئەشرەفییە و شێخ
مەقسوود ئاشکرای کردووە، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە ژمارەی قوربانییان بۆ ٨ کوژراو و ٥٧
بریندار بەرزبووەتەوە.