هەسەدە تێکشکاندنی تانک و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی گروپە چەکدارەکانی دیمەشق لە حەلەبی راگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندی هەسەدە بلاویکردەوە، هێزەکانیان لە هەڵوێستێکی پاڵەوانانە و یەکلاکەرەوەدا، توانییان هێرشێکی بەرفراوانی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە تێکبشکێنن. لەم شەڕەدا زیانێکی گیانی و ماددی زۆر بە هێرشبەران گەیشت و پلانی داگیرکردنی گەڕەکە مەدەنییەکان پووچەڵکرایەوە.
هەسەدە دەڵێت" بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوای سێ ڕۆژ لە تۆپبارانی بەردەوام بە تانک و موشەکی (گراد) و چەکەکانی تری وەک هاوەن، ئەو گروپانە هێرشەکانیان بۆ سەر هەموو ناوچەکانی ناو شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە چڕکردەوە بە مەبەستی ترساندنی خەڵک و کۆچی زۆرەملێ.
ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشبەران بە زیاتر لە ٦٠ تانک و زرێپۆش، و بە هەزاران چەکدار و پاڵپشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەوڵی پێشڕەوییان دا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێزەکانی ئاسایش و هەسەدە لەو گەڕەکانە لە میوەرەکانی (ئەشرەفییە، کاستێلۆ و جەبانات) بەرگرییەکی ڕێکخراویان کرد و هێرشبەرانیان ناچار بە کشانەوە کرد. زیانەکانی گروپە چەکدارەکانی دیمەشق بەم شێوەیە بوو:
تێکشکاندنی یەک تانک.
تێکشکاندنی ٥ ئۆتۆمبێلی سەربازی.
خستنەخوارەوەی ٧ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ.
کوژرانی دەیان چەکداری هێرشبەر.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دووپاتی دەکەنەوە کە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان لە ئامادەباشی تەواودان. حکومەتی دیمەشق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەم هێرشە دڕندانەیە و لێکەوتەکانی دەزانن و جەخت لە مافی ڕەوای خۆیان بۆ بەرگری لە گەل و گەڕەکەکانیان دەکەنەوە.