فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات هۆشدارییەکی بەپەلە و توند ئاڕاستەی دەسەلاتی سووریا دەکات و دەڵێت" بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، کارێکی قبوڵنەکراوە".
ۆژی پێنجشەممە ٨ی کانونی دووەم مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پەیامێکدا سەبارەت بە دۆخی حەلەب رایگەیاند" بەردەوامبوون لەسەر رێگەی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری تاکلایەنە، شتێکی قبووڵکراو نییە، ئەم شێوازە پێشتریش لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا بووە هۆی کۆمەڵکوژی".
دەقی پەیامەکەی مەزڵوم عەبدی:
بەردەوامبوون لەسەر ڕێبازی شەڕ و زمانی جەنگ بۆ سەپاندنی چارەسەری یەکلایەنە، کارێکی قبوڵنەکراوە، ئەم ڕێبازە لە ڕابردوودا بووەتە هۆی کۆمەڵکوژییەک کە گەیشتووەتە ئاستی تاوانی جەنگ لە کەناراوەکانی سووریا و سوەیدا.
بڵاوکردنەوەی تانک و تۆپخانە لە گەڕەکەکانی شاری حەلەب، تۆپبارانکردنی مەدەنییانی بێبەرگری و ئاوارەکردنیان، هەروەها هەوڵەکان بۆ هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردییەکان لە کاتی پڕۆسەی دانوستاندندا، دەرفەتەکانی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەناو دەبات و زەمینە بۆ گۆڕانکاریی دیمۆگرافیی مەترسیدار خۆش دەکات، هاوکات مەدەنییانی گەمارۆدراوی ناو هەردوو گەڕەکەکە ڕووبەڕووی مەترسیی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە.
ئێمە لە کاتێکدا لەگەڵ خەڵکمان لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە وەستاوین، چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هەموو لایەنەکان کار دەکەین بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە.
سەرەخۆشیی قووڵ و هاوخەمیی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان دەکەین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی حەلەب (سەر بە حکومەت) دەڵێت ٧ سڤیل کوژراون و ٥٢ی دیکە بریندار بوون.
لد. عوسمان شێخ عیسا، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکە کوردنشینەکان هۆشداری لە "کۆمەڵکوژی" دەدات. بەپێی نوێترین ئاماری ئەوان ٧٤ سڤیل بوونەتە قوربانی (٨ گیان لەدەستدان و ٦٦ بریندار).
شەڕ لە حەلەب چووەتە دەرەوە؛ بەگوێرەی هەسەدە، گرووپی عەمشاتی سەر بە دیمەشق تۆپبارانی شارۆچکەی دێر حافری کرد و ٣ سڤیل بریندار بوون. هەروەها هەسەدە درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی لە گوندەواری رەققە خستە خوارەوە.