یەکگرتووی ئیسلامی داوای ڕاگرتنی شەڕی نێوان هەسەدە و گروپە چەکدارەکانی شەرع دەکات

مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا نیگەرانی قووڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بەو شەڕەی کە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەیان لە پارێزگای حەلەب گرتووەتەوە. 

یەکگرتوو ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە وردی چاودێری پەرەسەندنەکان دەکەن و ئەو دۆخە نالەبارەی دروست بووە جێگەی داخی زۆرە.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە” ئەم پێکدادانە چەکدارییانە لەو ناوچانەدا باجێکی قورسی مرۆییان لێکەوتووەتەوە، بەجۆرێک کە دەیان کەس بوونەتە قوربانی و هەزاران خێزانی مەدەنیش کە دانیشتووی ڕەسەنی ئەو گەڕەکانەن، ناچار بە جێهێشتنی ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاوارەبوون بوون، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی مرۆیی لە ناوچەکەدا دروست کردووە.” 

هەر لەو چوارچێوەیەدا، یەکگرتووی ئیسلامی داوایەکی بەپەلە ئاراستەی لایەنەکان  دەکات کە دەستبەجێ کۆتایی بەو پێکدادانە چەکدارییانە بهێنن و ڕێگری بکەن لە رشتنی خوێنی زیاتری هاوڵاتیان. 

جەختیش دەکەنەوە کە پێویستە هەردوولا زمانەوانی شەڕ و توندوتیژی وەلا بنێن و پەنا بۆ بژاردەی ئاشتییانە بەرن بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە.



PM:09:36:08/01/2026