حەلەب.. شەڕ و پێکدادانی سەخت بەردەوامە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شاری حەلەب ڕایانگەیاند” گەڕەکی ئەشرەفییە و دەوروبەری بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادانی سەخت لە نێوان هێزەکانیان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق.” 

ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕڤانانی ئاسایش توانیویانە بە قارەمانانە بەرپەرچی هێرشەکان بدەنەوە کە تێیدا تانک و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش بەکارھێنرابوون. لە ئەنجامی ئەم بەرگرییەدا، هێزەکانی ئاسایش توانیویانە دوو زرێپۆشی هێرشبەران بتەقێننەوە.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، ئاسایشی حەلەب پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی کوژراوەکانیان بۆ ١٣ کەس بەرزبووەتەوە. جگە لە کوژراوەکان، دوو چەکداری تریش لە کاتی شەڕەکەدا بە دیل گیراون و ڕەوانەی ناوەندە پەیوەندیدارەکان کراون.

لە ئێستادا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەرقاڵی پاککردنەوەی ئەو باڵەخانە نیشتەجێبوونانەن کە پێشتر چەکدارەکان دزەیان کردبووە ناوی. لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنی پشکنین و بەدواداچوون بەردەوامە، ئاماژە بەوە دەدرێت کە چەکدارەکان توانای بەرگرییان نەماوە و لە ناوچەکە هەڵاتوون.




PM:09:46:08/01/2026