ئاسایشی حەلەب: نەخۆشخانەی خالید فەجر بۆ جاری دووەم بۆردومان کراوە

بۆ چوارەم ڕۆژی لەسەریەک، گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب ڕووبەڕووی هێرشی چڕی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بوونەتەوە. 

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕایانگەیاندووە'' لە گەڕەکی ئەشرەفییە شەڕی سەخت بەردەوامە و توانیویانە ڕێگری لە پێشڕەوییەکانی ئەو گرووپانە بکەن.''

حکومەتی سوریا تانک و چەکی قورس دژی ناوچە مەدەنییەکان بەکاردەهێنێت، لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا، نەخۆشخانەی خالید فەجر بۆ جاری دووەم بۆردومان کراوە و زیانێکی زۆر بە ژێرخانی گەڕەکەکان و ماڵی هاووڵاتییان گەیشتووە.

بەهۆی بۆردومانە هەڕەمەکییەکانەوە، تا ئێستا ١٣ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ٦٤ کەسیش بریندار بوون. 
هەروەها بەشێک لە مەدەنییەکان لەژێر داروپەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکاندا ماونەتەوە و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ناوچەکەش ئاوارە بوون.

هاوکات لەگەڵ هێرشە سەربازییەکان، گەمارۆیەکی توند خراوەتە سەر ئەم دوو گەڕەکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەبەردەوامی بە ئاسماندا دەسووڕێنەوە، ئاسایشی حەلەب هۆشداری دەدات کە ئەم دۆخە ناوچەکە بەرەو کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەبات.




AM:12:05:09/01/2026