روانگەی سوری مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت " دوای کۆمەڵێک جیابوونەوەی سەربازی (ئینشیقاق) و ئاسانکاریی عەشایەری، هێزەکانی حکومەتی ئینتقالی سوریا دەستیان بەسەر زیاتر لە نیوەی گەڕەکی ئەشرەفییەدا گرت، لەگەڵ بەردەوامبوونی پێکدادان لە چەند شوێنێکی گەڕەکەکە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە سەرچاوەیەکی سەربەخۆی هەواڵە بۆ سوریا، بەرەبەیانی ٩ ی کانوونی دووەم رایگەیاند "هێزەکانی سەر بە حکومەتی ئینتیقالی (کاتی) کۆنتڕۆڵی ڕووبەرێکی فراوانیان لە گەڕەکی ئەشرەفییە لە شاری حەلەب کرد، لەگەڵ بەردەوامیی شەڕ و پێکدادانی پچڕپچڕ لە ژمارەیەکی سنووردار لە خاڵەکانی ناو گەڕەکەکەدا".
روانگەی سوری لە درێژەی بڵاوکراوەکەیەدا دەشڵێت "ئەمەش دوای ئەوە دێت کە چەکدارانی عەشیرەتی بەکارە -کە ئەبو ئەحمەد زەکور، ڕاوێژکاری کاروباری عەشیرەتەکان لە حکومەتی ئینتیقالی سەر بەو عەشیرەتەیە- هەڵسان بە کردنەوەی ڕێگەکان لەبەردەم هێزە هێرشبەرەکانی ئەلشەرع و پێدانی گەرەنتی ئەمنی بە چەکدارانی دیکە لە بەرامبەر پەیوەندیکردنیان بە ڕیزەکانی هێزەکانی حکومەتی ئینتقالیەوە".
دەربارەی چۆنێتی خیانەتی ئەو عەشرەتە، روانگەی سوری دەڵێت " کەمێک پێش ئێستاش سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری ئاماژەیان بەوە کرد کە گرووپێکی بچووک لە چەکدارانی عەشیرەتەکان توانیویانە کەلێنێک لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفییە بکەنەوە، ئەوەش دوای ئەنجامدانی هێرشێک بە بەکارهێنانی ٣ ئۆتۆمبێلی سەربازی، کە یەکێکیان لە کاتی شەڕەکاندا تێکشکێنرا".
"بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕووبەڕووبوونەوەکان گۆڕاون بۆ شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لە ناو گەڕەکی ئەشرەفییە و شەڕی سەخت ڕوویداوە و هێرشبەرەکانی ئەلشەرع دەستیان بەسەر بەشێک لە گەڕەکەکەدا گرتووە، لەگەڵ بوونی کوژراو لە ڕیزەکانی هەردوولای شەڕکەردا. بەپێی سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری، بۆردومان و بەئامانجگرتنەکان زیانی گەورەیان لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە بەدەست کەمیی توندی پێداویستی پزیشکییەوە دەناڵێنن، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی برینداران لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانەوە، کە ئەمەش زەنگێکە بۆ ڕوودانی کارەساتێکی مرۆیی نزیک."