داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە ٣ ملیار دینار بووە

داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە ٣ ملیار دینار بووە، بەراوارد بە هەفتەی پێشووتری بە شێوەیەکی بەرچاوو کەمی کردوە. 

ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و ڕێکخستنی داهاتە نانەوتییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان ڕایگەیاند، داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی لە ڕۆژی ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ تاوەکو ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، بڕی ٣,٢١٧,٩١٥,٣٠٩ (سێ ملیار و دووسەد و حەڤدە ملیۆن و نۆسەد و پازدە هەزار و سێسەد و نۆ) دینار بووە.

بەپێی ئامارەکان، زۆرینەی داهاتەکە بە شێوەی نەختینە بووە، بەجۆرێک ٢,٥٧٢,٥٣١,٩٠٩ دینار (واتە ٪٨٠ی داهاتەکە) بە نەختینە و بڕی ٦٤٥,٣٨٣,٤٠٠ دینار (واتە ٪٢٠ی داهاتەکە) بە شێوەی چەک کۆکراوەتەوە.

بەراورد بە هەفتەی پێشووتر (٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ تا ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦) کە داهاتەکە بڕی ٣,٦٦٣,٥٥٥,٢٥٠ دینار بووە، داهاتی ئەم هەفتەیە بە ڕێژەی ٪١٢.١٦٤ کەمی کردووە. 

ئەم داهاتە لە ڕێگەی ٢٨ وەزارەت، ١٠٩ بەڕێوەبەرایەتی گشتی و ٧٨١ فەرمانگەی سنوورەکەوە تۆمار کراوە.






AM:10:32:09/01/2026