چەندین کەسایەتی و لایەنی نێودەوڵەتی لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران پەیامیان هەیە

لەگەڵ زیاد بوونی پێشێلکارییەکان لە خۆپیشاندانەکانی ئێران چەندین کەسایەتی و لایەنی نێودەوڵەتی هاتنە دەنگ. 

بۆ دوازدەیەمین شەوی یەک لەدوای یەک، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لانی کەم ٤٦ شار و شارۆچکەی ئێرانی گرتەوە، هاوکات بووە لەگەڵ مانگرتنی گشتی و داخستنی بازاڕەکان لە ٥٠ شار و شارۆچکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بانگەوازی حزب و ڕێکخراوە کوردییەکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین پەیامیدا بە توندی هۆشداری دایە دەسەڵاتدارانی تاران و ڕایگەیاند'' ئەمریکا چاوپۆشی لە کوشتنی خۆپێشاندەران ناکات.''

 ترەمپ جەختی کردەوە، ئەگەر هێزە ئەمنییەکان بەردەوام بن لە بەکارهێنانی چەکی کوشندە، ئەوا واشنتۆن "گورزێکی گەورە" لە حکومەتی ئێران دەوەشێنێت.

وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و نەمسا بە توندی ئیدانەی "توندوتیژی لەڕادەبەدەر"ی هێزە ئەمنییەکانیان کرد. لایەنی ئەوروپی جەخت دەکاتەوە کە نابێت مافی مرۆڤ و مافی ئازادی دەربڕین پێشێل بکرێت.

 هەروەها پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند'' دەنگی گەلی ئێران بۆ بەدەستهێنانی "شکۆ و ئازادی" لە هەموو جیهاندا دەنگی داوەتەوە و بیستراوە.''

لەلای خۆشیەوە، سەرۆک وەزیرانی هەریەک لە وڵاتانی سوید و بەلجیکا لە ڕاگەیەندراوی جیادا پشتیوانی خۆیان بۆ "خەباتی بوێرانە"ی خەڵکی ئێران دەربڕی. ئەوان ئاماژەیان بەوە کرد کە خواست بۆ داهاتوویەکی باشتر بە توندوتیژی خامۆش ناکرێت و ئێرانییەکان شایستەی پشتیوانی تەواوەتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین لە دژی ئەو ستەمەی ساڵانێکە لێیان دەکرێت.

هەردوو ڕێکخراوی "لێبوردنی نێودەوڵەتی" و "هیومان ڕایتس ۆوچ" لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پەردەیان لەسەر "سەرکوتکردنێکی کوشندە" لادا. ئەم ڕێکخراوانە دەسەڵاتی ئێرانیان تۆمەتبار کرد بەوەی بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە خەڵک دەستگیر دەکەن و ڕاستەوخۆ تەقە لە خۆپێشاندەرانی مەدەنی دەکەن، کە ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانە.

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی دەستگیرکراوان گەیشتووەتە زیاتر لە ٢ هەزار و ٢٧٧ کەس، کە ١٦٦یان مێردمنداڵی خوار ١٨ ساڵن. هەروەها ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە ٤٢ کەس (بە هێزە ئەمنییەکانیشەوە). شەوی ڕابردوو پێکدادانی توند لە تاران و چەند شارێکی دیکە ڕوویداوە و چەندین ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان سووتێنراون.




PM:12:51:09/01/2026