حەلەب.. دوو کارمەندی کوردی نەخۆشخانەیەک کوژران

لە تاوانێک دا لە گەڕەکی ئەشرەفییەی شاری حەلەب، پزیشکێکی دەرمانساز و مامەکەی لەنێو نەخۆشخانەی "عوسمان" بەدەستی هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریا کوژران.

 بەپێی زانیارییەکان، هەردوو قوربانییەکە بە مەبەستی پاسەوانیکردن لە نەخۆشخانەکە لەوێ مابوونەوە، بەڵام لەلایەن چەکدارەکانەوە کراونەتە ئامانج.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پڕۆسەی کوشتنەکە بە "ئەنقەست" و بە شێوازێکی دڕندانە بووە. چەکدارەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە "چاوەکانیان" کردوون، ئەمەش نیشانەی تیرۆرکردنی ڕاستەوخۆیە. پێشتر باس لەوە کرابوو کە هەردووکیان دەستگیرکراون، بەڵام دواتر تەرمەکانیان بە کوژراوی دۆزرایەوە.

سەبارەت بە ناسنامەی قوربانییەکان، یەکێکیان عەلی عوسمان، پزیشکی دەرمانساز، لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٩. ناوبراو دەرچووی کۆلێژی دەرمانسازی بووە لە وڵاتی ڕووسیا (ساڵی ٢٠١٠)، خێزاندارە و دوو منداڵی لەپاش خۆی جێهێشتووە.

ئەوەی دیکە عەدنان عوسمان، مامی پزیشکەکەیە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٨، ئەویش خێزاندار بووە و باوکی پێنج منداڵە (سێ کچ و دوو کوڕ).




PM:01:24:09/01/2026