ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە: دەمێنینەوە و بەرگری دەکەین

ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر گەڕەکە گەمارۆدراوەکان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و هەڵوێستی حکومەتی کاتی و بێدەنگیی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەم کۆمەڵکوژییانەی ئیدانە کرد  ورایانگەیاند" لە ٦ی مانگی یەکەوە گەڕەکەکانمان بوونەتە ئامانجی چەکی قورس و تۆپبارانی قورس، ئەم هێرشانە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و ناچارکردنی خەڵک بە کۆچبەری ئەنجام دەدرێن، کە ئەوەش بە "پێشێلکردنێکی روونی رێککەوتنامەکانی پێشوو" دەژمێردرێت."

ئەنجوومەنی گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەڵێت" بڕیارمان داوە بمێنینەوە و بەرگری بکەین".

دەقی بەیاننامەکە: 

لە ٦ی مانگی یەکەوە گەڕەکەکانمان بوونەتە ئامانجی چەکی قورس و تۆپبارانی قورس.

لەم هێرشانەدا مزگەوتەکان، قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان، ماڵە مەدەنییەکان، دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج.

گەلەکەمان و هێزەکانمان لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بەرخۆدانێکی توند بەرامبەر بەم هێرشانە دادەنێن.

ئامانج لەم هێرشانە کۆمەڵکوژکردنی گەلەکەمانە، کە سەدان ساڵە لەو گەڕەکانەدا دەژین و دانیشتووانی ڕەسەنی خۆیانن، هەروەها دروستکردنی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی زۆرەملێ- واتە گۆڕینی پێکهاتەی دیمۆگرافیای شار و گەڕەکەکانمان. جگە لەوەش ئەم هێرشانە، بە هەموو شێوەکانیانەوە، پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنی ١٠ی ئازارە.

حکومەتی کاتی لە دیمەشق لە ژێر پەردەی "سوپای نوێی سوریا” و بە پاڵپشتی حکومەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی ئەم هێرشانە ئەنجام دەدات و ئازایەتی خۆی لەو پشتیوانییە وەردەگرێت. هەروەها بە توندی ئیدانەی بێدەنگی ئەو زلهێزە نێودەوڵەتیانە دەکەین کە وەک گەرەنتیکار و چاودێرانی ڕێککەوتنەکانی ١٠ی ئازار و ١ی نیسان ئامادەبوون.

هێرش و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی گەلەکەمان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هێشتا بەردەوامە.

ئەو بانگەوازەی کە هێزەکانی حکومەتی کاتی لە دیمەشق بۆ گەلەکەمان و هێزە ئەمنییەکانمان کردووە، بانگەوازێکە بۆ تەسلیمبوون، بەڵام گەلەکەمان لەو گەڕەکانە بڕیارە لە گەڕەکەکانی خۆیان بمێننەوە و بەرگرییان لێ بکەن.

لە هەلومەرجی ئێستادا کۆمەڵکوژی دژی خەڵکی سڤیل لەو ناوچانەی کە ئەم گروپانە دزەیان کردۆتە ناوەوە ئەنجام دەدرێت. بە واتایەکی تر هەمان ئەو کردەوە و کۆمەڵکوژیانەی لە دژی عەلەوی و دروز ئەنجامدرا، ئێستا لە گەڕەکەکانی ئێمەدا ڕوودەدەن.

هەمووان دەزانن سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی لەو گەڕەکانەدا دەژین و ئەو تۆپبارانە قورسە دەیان کەسی بریندار کردووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. نەخۆشخانەکەمان لەم گەڕەکەدا، نەخۆشخانەی خالد فەجر، کە پێشتر سەرچاوەی سنووردار بوو، هێرش کرایە سەر و تۆپبارانی سەختی لێکرا. ئەمە تاوانی جەنگە. ئێستا نەخۆشخانەکە بەتەواوی لەکارکەوتووە و ئیتر ئەگەری چارەسەرکردنی بریندارانی گەڕەکەکانمان نەماوە. قەیرانێکی مرۆیی جددی هەیە. وەک خەڵکی گشتی دەزانن گەڕەکەکانمان دەمێکە گەمارۆ دراون و ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان کراوە. بارودۆخی زستانە دۆخە خراپەکەی ئێستا خراپتر دەکات.

لە ئەنجامدا هێزەکانی حکومەتی کاتی هاوشانی بەکرێگیراوەکانیان داوای تەسلیمکردنی گەڕەکەکانمان دەکەن و هەوڵی دەرکردنی دانیشتوانەکەیان دەدەن، هەروەها داوای تەسلیمکردنی هێزە ئەمنییەکانیش دەکەن.

ئێمە وەک ئیدارەی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ئەو فشارانە ڕەتدەکەینەوە کە لەسەر خەڵک و گەڕەکەکانمان دەکرێت. بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەتی دیمەشق لەوەتەی هاتۆتە سەر دەسەڵات و کردەوەکانی لەدژی پێکهاتە جۆربەجۆرەکانی سوریا بەتایبەتی ئەو تۆپباران و کۆمەڵکوژییە بێ جیاوازیانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دژی گەلەکەمان ئەنجام دراون، ناتوانین ئاسایش و گەڕەکەکانی خۆمان بەوان بسپێرین. بۆیە ناتوانین پاشەکشە بکەین لە پاراستنی گەڕەکەکانمان. ئێمە بڕیارمان داوە لە گەڕەکەکانمان بمێنینەوە و بەرگرییان لێ بکەین.

لە کۆتاییدا داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە بچنە نەخۆشخانەی خالد فەجر بۆ یارمەتیدانی برینداران و کۆببنەوە بۆ پاراستنی گەڕەکەکانمان.

لەگەڵ سڵاو و ڕێزدا

مەجلیسی گەل لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە




PM:01:31:09/01/2026