تورکیا ئاشکرای دەکات کە حکومەتی سوریا بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گشتی و سەلامەتیی هاووڵاتییانی ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆری لە حەلەب دەستپێکردووە.
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند" حکوومەتی سووریا، لەسەر بنەمای یەکسانیی نێوان هەموو پێکهاتەکان، ئۆپەراسیۆنێکی دژەتیرۆری لە حەلەب دەستپێکردووە بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی گشتی و سەلامەتیی هاووڵاتییانی".
وتیشی" ئەم ئۆپەراسیۆنە کە هەموو گروپە تیرۆریستییەکان دەکاتە ئامانج، جێگەی پێشوازیی ئێمەیە".
هاوکات لای خۆشیەوە سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە) لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی numedya24 رایگەیاند" بڕیاری مانەوەو بەرگریكردن بڕیارێكی ئازادانەی ئەنجومەنی گەلی شێخ مەقسودەو ئێمە وەک سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات پشتیوانیان دەكەین، داوا لە گەلی کورد و هەموو گەلانی سوریا دەکەین کە بەرگری لە ئازادی دەکەن، پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بکەن، ئەمڕۆ رۆژی شەرەف و شکۆمەندییە".
هەر ئەمڕۆ ئەنجوومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر گەڕەکە گەمارۆدراوەکان بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و هەڵوێستی حکومەتی کاتی و بێدەنگیی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەم کۆمەڵکوژییانەی ئیدانە کرد ورایانگەیاند" لە ٦ی مانگی یەکەوە گەڕەکەکانمان بوونەتە ئامانجی چەکی قورس و تۆپبارانی قورس، ئەم هێرشانە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە و ناچارکردنی خەڵک بە کۆچبەری ئەنجام دەدرێن، کە ئەوەش بە "پێشێلکردنێکی روونی رێککەوتنامەکانی پێشوو" دەژمێردرێت."
ئەنجوومەنی گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب دەڵێت" بڕیارمان داوە بمێنینەوە و بەرگری بکەین".
هاوکات تا نیوەڕۆی ئەمرۆ هەینی بەگوێرەی ئامارەکانی کە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایانگەیاندووە ٢٨ کەس شەهید بوون و ١١٥ی دیکە بریندارن. هاوکات مانگی سوور ئاماری ١٣ شەهید و ١٠٠ برینداری پشتڕاست کردووەتەوە.