سەرۆکی رۆحانی یەکگرتووی دروز لە سوریا لە پەیامێکدا رایگەیاند " ئێمە ئیدانە و سەرکۆنەی ئەم داگیرکارییە بەربەرییە بەردەوامە دەکەین لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتی لە دیمەشق و باندە تەکفیرییەکانی سەر بەوان بۆ سەر هاوڵاتیان و بێتاوانانی کورد لە ناوچە ئازادەکانیان لە حەلەب و دەوروبەری."
حیکمەت هیجری سەرۆکی رۆحانی دروز لە سوریا شەوی هەینی ٩ ی کانوونی دووەم لە راگەیاندنێکدا داوا لە وڵاتانی جیهان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات ڕۆڵی خۆیان ببینن لە راگرتنی سەرکوتکردن و ئەم پێشێلکارییە دووبارانە و ئەم دەستدرێژییانە کە بۆ سەر کەمینە ئارامەکان ئەنجام دەدرێت.
هەروەها لە پەیامەکەدا سەرۆکی رۆحانییەکانی دروز دەشڵێت " داوای کۆتاییهێنان بەم گاڵتەجاڕییە شەرمهێنەرانە دەکەین کە لەبەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەڕێوە دەچن".
حیکمەت هیجری لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت "ئەمانە هیچ نین جگە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و کۆمەڵکوژیی جینۆساید لەنێوان کەمینەکاندا".
سەرۆکی روحانییەکانی دروز لە کۆتاییدا جەخت دەکاتەوە کە لە " تەنیشت برا کوردەکانمان دەوەستین تا ئەو کاتەی تەواوی مافە مێژوویی و جوگرافی و مرۆییەکانیان بەدەست دەهێنن".
درووزەکانی سوریا کە دۆستایەتییەکی دێرینیان لەگەڵ کوردانی سوریا هەیە ئەوان هەر زوو بەر جینۆسایتی سوپای سوریای حکومەتی کاتی بوونەوە، بەڵام لە دوا ساتەکانی پێش لە ناوچوونیان ئیسرائیل فریایان کەوت و توانی هێرشەکانی سەریان رابگرێت.