بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەبەری خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان ئامادەی خۆی بە "مەرج" پێشاندا هێزەکانی لە شێخ مەقسود بکشێنێتەوە.
بەڕێوەبەری خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان کە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە شێخ مەقسود سەر بەو بەڕێوەبەرایەتییەن لە راگەیاندراوێکدا کە بەرەبەیانی شەممە ١٠ ی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە دەڵێت " بۆ ڕای گشتی ئێمە لە بەڕێوەبەریی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەخت دەکەینەوە کە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە کارە هەرە لەپێشینەکانمانە".
لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " هەر بۆیە پێشوازی لە پێشنیاری هێزە نێودەوڵەتییە ناوەندگیرەکان دەکەین بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی ئەو هێزانەی لە شێخ مەقسوودن بەرەو ڕۆژهەڵاتی فورات بە شێوەیەکی ئارام".
بەرێوەبەری خۆسەر مەرجی بۆ ئەو پاشەکشەیە هەیە و دەڵێت "بەو مەرجەی کە پاراستنی کوردیی خۆجێی و ئەنجومەنی خۆجێی بۆ دانیشتووانی هەردوو گەڕەکەکە مسۆگەر بکرێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ ڕێککەوتنامەی یەکی نیسان بگونجێت لەسەر ئەم بنەمایە".