ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازێکی بەپەلەی سەبارەت بە بەردەوامی تۆپبارانکردنی نەخۆشخانەی خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتی سوریاوە بڵاوکردەوە.
لە بەیاننامەیەکدا کە ماوەیەکی کەم لەمەوبەر بڵاویکردەوە، ئیدارەی خۆسەر بە جەختکردنەوە بە ئەوەی "ئێمە وەک مەترسی جینۆساید و کۆمەڵکوژی هەستی پێدەکەین"، هاتووە" ئێمە، ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەپەلە بانگەواز بۆ ڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراو و دامودەزگاکانی مرۆیی و مافی مرۆڤ دەکەین، سەبارەت بە بەئامانجکردنی ڕاستەوخۆ و سیستماتیکی نەخۆشخانەی خالید فەجر لە شێخ مەقسوود گەڕەکی حەلەب لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانەوە”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، بەردەوامی تۆپبارانکردنی نەخۆشخانەکە، وەک دامەزراوەیەکی پزیشکی مەدەنی، تاوانی جەنگە و پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە، دەشڵێت" ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی نەخۆش و برینداران و کارمەندانی پزیشکی دروست دەکات و نیگەرانی ڕاستەقینە لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی مرۆڤایەتی لە ئەنجامی پچڕانی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان دروست دەکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختیشکراوەتەوە کە بەردەوامی بۆردومانەکان کارەساتی مرۆیی و تەندروستی توندتر دەکات و خەڵکی مەدەنی لە مافی چاودێری پزیشکی بێبەش دەکات و ژمارەی قوربانییەکان زیاد دەکات و ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو دانیشتواندا بڵاودەکاتەوە.
ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە دوا بەیاننامەی خۆیدا داوای لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆیی و مافی مرۆڤەکان کرد دەستبەجێ دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی بۆردومانەکە و دەستەبەرکردنی پاراستنی تەواوی نەخۆشخانەکان و دامەزراوە پزیشکییەکان و دڵنیابوون لە کارکردنی بێ بەربەستی تیمە تەندروستییەکان.