هەسەدە: تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی سەربازی لە تەبقە کردە ئامانج

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند'' ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە ١٠ی کانونی دووەم، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە جۆری "ئاکینجی"، هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازییان لە باشووری شاری تەبقە.

 بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر شەشی ئێوارە ناوچەی "حەق سەورە"ی کردووەتە ئامانج و تەنها زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.

هەسەدە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هێرشە لە دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی شەڕی "بەنداوی تشرین"ەوە یەکەمین پەلاماری لەم شێوەیەیە. 

ئەم هەنگاوەی تورکیا وەک "پێشێلکارییەکی ڕوونی لێکتێگەیشتنەکان" وەسف کراوە، کە ئاماژەیە بۆ گۆڕینی ستراتیژی ئەنقەرە و پێداگریی لەسەر گێڕانی ڕۆڵێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ و فراوانتر لەناو خاکی سوریادا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات هۆشدارییان داوە کە ئەم جۆرە هێرشانە "پێشهاتێکی مەترسیدارن" و دەبنە هۆی تێچوونی زیاتری دۆخی ناوچەکە.

 هەسەدە ئەم کارەی سوپای تورکیا وەک "دەستوەردانی ڕاستەوخۆ" دەبینێت کە مەترسیی فراوانکردنی ململانێ بەردەوامەکانی ناوچەکەی لێدەکرێت و ئاسایشی ناوخۆیی سوریا دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێوە.




PM:09:39:10/01/2026