چوار گەنجی کورد لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژران


خۆپیشاندانەکانی ئێران بەردەوامە، چوار گەنجی دیکەی کورد لە شارەکانی تاران و ئاودانان بوونە قوربانی. 

لەناو جەرگەی شاری تاراندا سێ گەنجی کورد بە ناوەکانی عەلی عەباسی تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی گێڵانی کرماشان، لەگەڵ عەلیڕەزا سەیدی خەڵکی ئاودانان، بە فیشەکی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران. 

هەر لە تاران کچە کوردێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی ڕۆبینا ئەمینیان کە خەڵکی مەریوانە، بە شێوەیەکی دڕندانە و لە پشتەوە سەری کراوەتە ئامانج، کەسوکارەکەشی باس لەوە دەکەن لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمەکەیدا سەدان تەرمی دیکەی گەنجانیان لە نەخۆشخانەکاندا بینیوە.

هاوکات لەگەڵ ڕووداوەکانی تاران، شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام گەنجێکی دیکەی بە ناوی وەحید عەبدوڵڵاهی کوژراوە، ناوبراو کە لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا فیشەک بەر سەری کەوتبوو، دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ برینە سەختەکەی، دواجار گیانی سپارد و بەمەش ژمارەی شەهیدانی ئەو ناوچەیە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.





AM:12:22:11/01/2026