مەزڵوم عەبدی دەربارەی ڕێککەوتنی تایبەت بە شێخ مەقسود پەیامێکی بڵاوکردەوە و وتی" بە نێوەندگیری نێودەوڵەتی، ڕێککەوتنی تایبەت بە گواستنەوەی شەهید و بریندارەکانی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە".
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند" دوا بە دوای نێوەندگیریی لایەنە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرش و پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە گەلەکەمان لە حەلەب، گەیشتینە لێکتێگەیشتنێک کە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی تەقە و زامنکردنی چوونە دەرەوەی تەرمی شەهیدان، برینداران، مەدەنییە گەمارۆدراوەکان و شەڕڤانان لە هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بەرەو باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا".
وتشی" داوا لە نێوەندگیران دەکەین پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و کارکردن بۆ گەڕانەوەیەکی ئارامی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
مەزڵوم عەبدی لە پەیامەکەیدا دەشڵێت" سڵاوی ڕێز و شکۆداری بۆ بەرگریکارانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، بۆ شەهیدان، هەڤاڵانیان، بنەماڵەکانیان و ئەو مەدەنییانەی کە خۆڕاگر بوون و سەرەخۆشی لە خۆمان و بنەماڵەی شەهیدان و گەلەکەمان دەکەین، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین".