ئەبوبەکر هەڵەدنی: ڕێزت لە نەتەوەکەت گرت، ئەوا ڕێزت لە خودا گرتوە

‌ئەبوبەکر هەڵەدنی- پەرلەمانتاری پێشوو و چاودێری سیاسی

ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی مەکتەبی  سیاسی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی، لە لێدوانێکدا باس لە هەڵوێستی کەسایەتییە ئاینیەکان دەکات کە پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکانی شەرع دەکەن و لە دژی کوردن لە حەلەب و دەڵێت "نیشتیمان وئاین و ئاین وکوردبون  دوانەیەکن یەکتر تەواو دەکەن".

یەک شەممە، ١١کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئەبوبەکر هەڵەدنی، پەرلەمانتاری پێشوو و چاودێری سیاسی بە سپی میدیای ڕاگەیاند "ئەو علمانیانەی خەباتی نەتەوایەتی و نیشتیمانی دەکەن وئاینی زۆرینەی گەلەکەیان کەئیسلامە فەرامۆش دەکەن هەڵەدەکەن، ئەو ئیسلامیانەش کە نەتەوایەتی پشتگوێ دەخەن وبەبالۆرەی نەتەوەسەردەستەکانی تورک وعەرەب وفارس کەباسی برایەتی ئیسلامی درۆینە دەکەن ئەوانیش نەیانپێکاوە".

ئەو ئەندامەی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پێشووی یەکگرتوو وتوشیەتی "ئیسلامیخوازی کورد دەبێت لەسەنگەری پێشەوەی بەرگری لەشوناسی نەتەوەیی وڕزگارکردنی خاکی پیرۆزی کوردستاندا بێت، برا و خوشکی ئیسلامخوازم تۆ کوردیت پاشان موسوڵمان بەویستی خودا لەسەرزەمینی کوردستان لەدایک بویت ولە خزمەتکردن بەهاونیشتیمانیانت لەسەر ئەو خاکە خودا لەخۆت ڕازی دەکەیت و بەهەشت بەدەست دێنیت".

ئەبوبەکر هەڵەدنی لە کۆتای قسەکانیدا ووتی "سەرکەوتن بۆ ئیرادەی گەلەکەمانە لەهەر چوارپارچەی کوردستانی بندەستی داگیرکەران".

٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع بۆ هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب دەستی پێکرد و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش بون بە دوو بەشەوە بەشێکی زۆریان هاوسۆزن لەگەڵ خەڵكی ئەو دوو گەڕەکە و ڕۆژئاوای کوردستان، ژمارەیەکی کەمیش هاوسۆزی چەکدارانی ئەحمەد شەرعن بە بیناوی "هاودینی" کە زۆربەیان کەسایەتی ئاینی و سەر بە حزبە سیاسیە ئاینیەکانن. 

بە پێی لێداوانێكی فەتخوڵا حوسەینی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی كوردستان " لە شەڕی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەدا زیاتر لە ٢٠ كەس لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوون بە زیاد حەلەبی فەرماندەی هێزەكەشەوە، زیاتر لە ١٠٠ كەسیش برینداربوون و بەشێك لە بریندارەكان گەیشتوونەتە دێر حافر ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەس ئاوارەبوون".




PM:02:31:11/01/2026