بریندارەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە گەیشتنە حەسەکە

‌حەسەکە، ساتی گەیشتنی بریندارەکان

لە ڕێگای ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەوە چەند بریندارێکی گەڕەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە گواسترانەوە بۆ حەسەکە و باس لەوە دەکرێت چوار پاس لە خەڵکی مەدەنی تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە لە کاتێکدا لە حەلەبەوە بەڕێگاوە بوون بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

یەک شەممە، ١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، ئاژانسی هەواڵی هاوار نیوز بڵاویکردەوە، کە کاروانی دانیشتوانی کانتۆنی جەزیرە دوێنێ لەسەر داوای ئەنجومەنی گشتی گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە بەرەو حەلەب بەڕێکەوتن، ئەمڕۆ ژمارەیک بریندرای ئەو گەڕەکەیان هێناوەتەوە و گەیشتنە چوار ڕیانی پانۆراما لە دەروازەی باشوری حەسەکە.

دانیشتووانی باکوور ڕۆژهەڵاتی سووریا دوێنێ هەوڵیاندا بگەنە حەلەب، بەڵام کاروانەکەیان لە دێر حافر بەهۆی داخرانی ڕێگەکانەوە لەلایەن چەکدارانی حکومەتی کاتییەوە، لە کاروانەکەدا سەدان دانیشتووانی شارەکانی حەسەکە، تەل تەمر، دربێسی، زەرگان، دێرک، گرکێ لەگی، تەل کۆچەر، تەل حەمیس، چل ئاغا، تربەسپی، قامیشلۆ و عامودێ هەبوون.

٦ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە شەرع بۆ هەردوو گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە حەلەب دەستی پێکرد، بە پێی لێداوانێكی فەتخوڵا حوسەینی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە هەرێمی كوردستان ئەم بەیانییە ڕایگەیاند " لە شەڕی شێخ مەقسود و ئەشرەفیەدا زیاتر لە ٢٠ كەس لە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ شەهیدبوون بە زیاد حەلەبی فەرماندەی هێزەكەشەوە، زیاتر لە ١٠٠ كەسیش برینداربوون و بەشێك لە بریندارەكان گەیشتوونەتە دێر حافر ژێر دەسەڵاتی هەسەدەو بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەس ئاوارەبوون".




PM:02:58:11/01/2026