لە ماوەی دوو ڕۆژدا سەرۆکی دوو حزب لە سلێمانی دادگایی دەکرێن


بڕیارە سبەینێ لاهور شێخ جەنگی دوای نزیکەی پێنج مانگ لە دەستگیرکردنی یەکەم دانیشتنی دادگایکردنی بەڕێوەبچێت و سەرچاوەیەکیش بە سپی میدیای وت دوو سبەی شاسوار عەبدولواحید دەبرێتەوە بەردەم دادوەر. 

یەک شەممە، ١١ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، بورهان ڕەشید گوڵە، سەرۆکی دەستەی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە میدیاکانی ڕاگەیاند "بڕیارە سبەی پێشنیوەڕۆ کاتژمێر ٩:٠٠ لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی، یەکەم دانیشتن بۆ دادگایی کردنی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بەرەی گەل بەڕێوەبچێت"،  بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست و پیلاندانان بۆ کاری تێکدەرانە"، وە بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا دیارنییە کە ئایا تەنها بەم تۆمەتانە دادگایی دەکرێت یاخوف تۆمەتەکانی بۆ دەگۆڕدرێت. 

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە جوڵانەوەی نەوەی نوێوە بە سپی میدیای ڕاگەیاند "ڕۆژی سێ شەممە ١٣ مانگ جارێکی دیکە شاسوار عەبدولواحید دادگایی دەکرێتەوە". 

شەوی ٢٢ ئابی ٢٠٢٥، هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی ڕازینەبوو خۆی ڕادەست بکات، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار، دوای سێ کاتژمێر ڕووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەو هێزەی لە ناو هۆتێل لالەزاردابوون، بەناوی "هێزی دووپشک" بوو، دەستگیرکران.

شاسوار عەبدولواحید لە ١٢ ئابی ٢٠٢٥، لە سلێمانی دەستگیرکرا و دوای دادگایکردن بە پێنج مانگ زیندانی سزادرا، لەگەڵ ئەوەی ماوەی زیندانیەکەی تەواوکردوە بەڵام تا ئێستا ئازاد نەکراوە. 




PM:03:28:11/01/2026